کەسوکاری بێسەروشوێنان لە ٤ شار بانگەوازیان کرد

کەسوکاری بێسەروشوێنان و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئێلح و ئامەد و جولەمێرگ و ئەزمیر چالاکیان ئەنجامدا و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کەسوکارە بێسەروشوێنەکانیان کرد.

کەسوکاری بێسەروشوێنان لە ئێلح و ئامەد و جولەمێرگ و ئەزمیر لە چوارچێوەی هەفتەی بێسەروشوێناندا، دیسانەوە دووپاتیان کردەوە، ئەو کەسانەی لە دەستبەسەریدا بێسەروشوێنکراون هەرگیز لەبیرناکرێن و دژی کەلتووری سزانەدان و دەربازبوون لە سزا، داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتییان کرد.

بنەماڵەکان ڕایانگەیاند چەندین ساڵە هەمان پرسیار دەکەن، گوتیان: "کەسوکارەکانمان لەکوێن؟".

لە چالاکییەکەی ئامەد، دایە بەرفۆ یادکرایەوە. لە چالاکییەکەی ئێلح داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی محەمەد گوردال کرا کە ساڵی ١٩٩٣ بێسەروشوێنکرا، لە چالاکییەکەی جولەمێرگ فەهمی تۆسون یادکرایەوە، لە چالاکییەکەی ئەزمیریش دووپاتکرایەوە گەڕان بەدوای دادپەروەری بەردەوام دەبێت.