بە دیمەن

لە کۆپنهاگن و فرایبۆرگ و بەرلین چالاکی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ"

لە کۆپنهاگن و بەرلین و فرایبۆرگ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چالاکی ئەنجامدرا و بانگەواز لە سی پی تی کرا، ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.

کوردستانی و دۆستەکانیان لە کۆپنهاگن و بەرلین و فرایبۆرگ دژی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە و قڕکردنی ئیمراڵی چالاکیان ئەنجامدا.

کۆپنهاگن

بۆ ئەم مەبەستە کوردستانی و دۆستەکانیان لە کۆپنهاگن گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لەسەر ناوی جەماوەر ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە و تیشکخرایە سەر گۆشەگیری ڕەهای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و نیگەرانی گەل لەو بارەیەوە، بانگەواز لە کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی کرا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

دووپاتکرایەوە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاکە ڕێبەرە دەتوانێت پرسی کورد بەشێوەی ئاشتیانە و بەردەوام چارەسەر بکات، هەروەها ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە چارەسەری پرسی کورد دەبێت.

جەماوەر درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژیان بێ ڕێبەرێتی قبووڵ ناکرێت"یان بەرزکردەوە.

بەرلین

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک چالاکی ئەنجامدرا.

گەنجان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" بە هەڵگرتنی مەشخەڵی ڕەنگاوڕەنگەوە لە شەقامەکان ڕێپێوانیان کرد و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "زاپ، ئاڤاشین، مەتینا، بەرخۆدانی گەریلا"یان بەرزکردەوە.

لەسەر ناوی تەجەشە گوترا: "وەک گەنجانی کورد، هەتا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، لە گۆڕەپانەکان دەمێنینەوە".

فرایبۆرگ

بەهەمانشێوە لە فرایبۆرگ بە پێشەنگایەتی مەجلیسی گەلی کوردی فرایبۆرگ ڕێپێوانێک ئەنجامدرا، پێش دەستپێکردنی ڕێپێوانەکە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی ئازادی کوردستان پیشاندرا.

لە ڕێپێوانەکەدا پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پانکارتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

جەماوەر درووشمی "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "هەزار سڵاو لە ئیمراڵی" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ"یان بەرزکردەوە.