کتێبخانەى رێبەرایەتی بە ئامانجی بڵاوکردنەوەى پارادیگمای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەى ساڵیادی پیلانگیڕیی ١٥ی شوبات، دوێنێ لە لۆزانی سویسرا دەستی بە گەشتەکەى کرد.
کتێبخانەى رێبەرایەتی پێکهاتووە لە پارێزنامەکانی رێبەرایەتی، بەرهەم و کتێبەکان و برۆشوور و رێنماییەکان و نووسراوەکانی پەیوەندیدار بە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە و کتێبەکانی کتێبخانەکە لەلایەن چالاکوانانەوە بڵاودەکرێنەوە. هاوکات زانیاری لەبارەی دۆخی گۆشەگیری و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ هاووڵاتییان و ئازادیخوازان دەخەنەڕوو.
لە چالاکییەکەدا بە زمانەکانی فەرەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیزی لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە زانیاری بڵاودەکرێتەوە. بۆ ئەوەش ستاندنی ئاگادارکردنەوە لە بەردەم کەنیسەى دێرینی سانت لاورێنت دانرا.
ئاسمین ئەنگین ژنە سیاسەتمەداری کورد لەبارەی کەمپەینی "کاتیەتی" بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد و وتی، "بۆ ئاشناکردنی بیر و فیکر، فەلسەفە، شێوە و پرۆژەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە رای گشتی سویسرا، ئیمە دەستمان بە پرۆژەى 'کتێبخانەى رێبەرتی' لە لۆزان کرد. هاووڵاتییانی سویسرا پێشوازییەکی گەورە لە 'کتێبخانەى رێبەرایەتی' دەکەن و رایدەگەیەنن، کە تێکۆشانی کوردان بۆ خۆیان دەکەنە سەرچاوەی ورە و ئیلهام".
ئیلیاس پێنچارد سەرۆکی سەوزەکانی شارەوانیی لۆزان و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی لۆزان سەردانی ستاندەکەى بەردەم کەنیسەى سانت لاورێنتی کرد. پێنچارد لە بارەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و تێکۆشانی گەلی کورد بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، "بۆ ئەوەى بە گەلی کوردی نیشان بدەم، کە پشتیوانییان لێدەکەم و لەگەڵیاندام هاتووم بۆ ئێرە. لە ساڵی ١٩٩٩ەوە تاوەکو ئێستا رێبەری گەلی کورد لە زیندانی تورکیادایە. ئێمەش پشتیوانی لە داواکانی گەلی کورد دەکەین، داوای ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین. چالاکییەکەمان بۆ جوڵاندنی رای گشتی و نێونەتەوەیی گرنگە".
ئیلیاس پێنچارد راشیگەیاند، "داوا لە رای گشتیی نێونەتەوەیی دەکەم، کە پێش هەموو شتێک لە دژی زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و سەدان پەرلەمانتار، هاوسەرۆک شارەوانی و هەڵبژێردراوی کورد، کە لەلایەن تورکیاوە زیندانیکراون، پشتیوانی لە گەلی کورد و تێکۆشانەکەیان بکەن".
ژ.ت