بەبۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لە ٢٥ شاری جودای ئیتاڵیا کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەسترا، پەرلەمانتار و سیناتۆر و هونەرمەند و نوسەر و سەندیکاوان و ڕۆژنامەوان و بەرپرسانی هەرێمی و نوێنەری دامەزراوە مەدەنییەکان بەشداربوون.
چالاکی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" لە ڕۆما لە گۆڕەپانی (Largo Corrado Ricci) بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە لەلایەن پارێزەر میشێلا ئاریکال، ئەندامی سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی دیموکراسی، جیۆڤانی ڕوسۆ سپێنا، سیناتۆری پێشووی ئیتاڵیا و وتەبێژی کۆمیتەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، ئارتۆرۆ سالرنی، کە پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو، سەرپەرشتی کرا .
میشێلا ئاریکال، ئەندامی سەنتەری لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی دیموکراسی، ئاماژەی بەوە کرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی زیندانیکراوە، لەپێناو ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین، پێویستە هەمووان لەگەڵ تێکۆشانی گەلی کورد بن بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وەها نەبێت ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و چارەسەری پرسی کورد نایەتەدی.
جیۆڤانی ڕوسۆ سپێنا، سیناتۆری پێشووی ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوە کرد، بە تێکۆشانی گەلی کورد جیهان لە داعش پارێزرا، هەروەها ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری پرسی کورد گەلێک گرنگە.
ئەو دەمەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیتاڵیا بوو، ئارتۆرۆ سالرنی پارێزەری وی بوو. ئارتۆرۆ تیشكی خستە سەر بێدەنگی و خەمساردی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، ڕایگەیاند پێویستە حکومەت و پەرلەمانی ئەوروپا مافە ڕەواکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بپارێزن، ئەوەی لە ئیمراڵی دەکرێت، پێچەوانەی هەموو یاساکانی ئیتاڵیا و یاسا نێونەتەوەییەکانە.
لەم بارەیەوە گوتی: " دەبێت دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا هەنگاوی پێویست بنێن. ئێستا کاتی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە. ئەو گۆشەگیرییەی کە نزیکەی ٢٥ ساڵە لە زیندانەکەدا هێڵراوەتەوە و بە تایبەتی لە ٣ ساڵی ڕابردوودا توندتر بووەتەوە، بە دڵنیاییەوە یاسایی نییە. لەم بابەتەدا پێویستە هەموو لایەنەکان دەستپێشخەری بکەن. عەبدوڵا ئۆجەلان ناوێکی زۆر گرنگە. عەبدوڵا ئۆجالان ژیانێکی نوێ و وڵاتێکی نوێ پێشکەش دەکات. ژیانی دیموکراتیکە لە بەرامبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا پێشکەش دەکات"
سەرۆک شارەوانی ٨ هەمی ڕۆما، جیاچێری، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە ئیتاڵیا هەڵوێستی ڕوونتری هەبێت سەبارەت بە پرسی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چونکە ئەمە تەنها پرسێکی تایبەت نییە بە سیاسەتی دەرەوە، بەڵکو دەچێتە نێو مێژووی ئەم وڵاتەوە، پێویستە ئیتاڵیا لە چوارچێوەی پرسی تورکیا و و کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرپرسیارانەتر بجووڵێتەوە.
ئەندامی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکان (COBAS)، ئۆسڤاڵدۆ جولیانۆ، ملیۆنان کورد و تەڤگەری سیاسی کورد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک ڕێبەری سیاسیی خۆیان دەبینن، بۆیە ئێستە لە سەرانسەری جیهاندا هەمووان بۆ ئازادی وی چالاکی دەکەن، لەلایەن زیاتر لە ٤٠ دامەزراوە هەڵمەتێک بەڕێوەدەبرێت ئەوانیش وەک (COBAS) کە لە وڵاتانی ملیۆنان خەباتکاری هەیە لەم هەڵمەتە بەشدارن، گوتی: " ئەمەش ئەوە دەردەخات کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنیا نییە. هەرچەندە لەناو دیوارەکاندا زیندانی بکرێت، بەڵام ڕامانەکانی دەریاکانیان بڕی و گەیشتنە ئەوروپا".
لای خۆیەوە، ئەنتۆنیۆ ئەمۆرزۆ، بێدەنگی ئەوروپای لەمەڕ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد شەرمەزار کرد، داوای کرد لە هەموو لایەکەوە هەوڵی شکاندنی ئەم بێدەنگی و خەمساردییە بدرێت.
کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.