'دەسەڵات نایەوێت کورد لە ڕۆژئاوا قسەی خۆی بکات'

موراد کاڵماز، هاوسەرۆکی ئیستەنبوڵی دەم پارتی ڕایگەیاند، دەسەڵاتداری ئاکەپە نایەوێت کورد لە ڕۆژئاوا قسەی خۆی بکات، هەروەها نایەوێت کورد بەشداری لە بەڕێوەبەری شارەکاندا بکات.

موراد کاڵماز هاوسەرۆکی ئیستەنبوڵی دەم پارتی ، لەسەر سیاسەتەکانی قەیومی دەسەڵاتدار و کارەکانی دەم پارتی ئەستەنبوڵ لە دژی قەیوم بۆ ئاژانسی فورات هەڵسەنگاندنی کرد.

 موراد کاڵماز ئاماژەی بەوەکرد، دانانی قەیوم لە شارەوانیی ئەسەنیورت کودەتایەکە لە دژی هاوپەیمانی شارەکە و ڕایگەیاند، ئێستا هەمان سیاسەتی قەیوم لە ڕۆژئاواشدا بەڕێوە دەچێت. موراد کاڵماز وتی: "پێشتر قەیوم لە دوو سەردەمدا لە کوردستان دادەنران، ئەمە جاری سێیەمە، ئەمجارەیان یەکەم قەیوم لە جۆلەمێرگ دانرا، دواتر لە ئەسەنیورت، ئێلح، مێردین و خەلفەتی دانران، هۆکاری بنەڕەتی بۆ ئەوەی دەوڵەت دەست بەکاری وەها دەکات لە ئەسەنیورت ئەوەیە؛ لەوێ هاوپەیمانی شار دروست بوو، بە تایبەتی بۆ یەکەمجار کورد لە ئەستەنبووڵ بوونە خاوەن قسەی خۆیان.

ناتوانن هەبوون و دەستکەوتی کورد قبووڵ بکەن لە ڕۆژئاوا

کاڵماز ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتداری بەتایبەتی هەبوونی کوردی لە شارەکانی ڕۆژئاوا پێ قبووڵ ناکرێت و وتی: "پێش هەموو شتێک میدیاکانی دەسەڵات دوای هەڵبژاردن هەوڵییاندا بە تیرۆریست نیشانیان بدەن. ئەمەش دەستوەردانێک بوو لە کوردستان، هەروەها نایەوێت لە ڕۆژئاوادا کورد لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا هاوپەیمانی دروست بکات، لەبەر ئەوە دژی هەر جۆرە هاوپەیمانیەکن و نایانەوێت کورد ببێتە خاوەن قسەی خۆی".

ناڕەزایەتی نیشاندانی جەهەپە لە دژی قەیوم بەس نییە

کاڵماز ئاماژەی بەوەدا کە جەهەپە وەک پێویست لە دژی قەیوم کاردانەوەی نیشان نەداوە و وتی: "جەهەپە ئەو ناڕەزایەتیەی نیشانی دەدات زۆر لاوازە. بە شێوەیەکی تێرکەر ناڕەزایەتی نیشان نەدا. تەنها بە ڕەخنە کردن نابێ. قەیوم دانراوە و نوێنەری ڕاستەقینەی گەل لابراوە قەیوم لەلایەن دەسەڵاتداری کۆمارەوە دانراوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن وەک پێویست کاردانەوەی نیشان نەدا. ئێمە وەک دەم پارتی، هێڵێکی تێکۆشانمان هەیە و درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. لە ئەسەنیورت لەگەڵ هێزەکانی ڕەنج، ئاشتی و دێموکراسی کۆبووینەوە. ڕۆژی ٨ی کانوونی یەکەم گردبوونەوە دژی دانانی قەیوم ئەنجام دەدەین.

موراد کاڵماز، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "پاش تەلەفۆنەکەی بەڕێز ئۆجالان دەستبەجێ قەیومیان دانا و سەر لە نوێ دیدارەکانیان قەدەغە کرد. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە پرۆسەیەک بە خواستی خۆیان و ئاشتیەک بە خواستی خۆیان دەسەپێنن. قەیوومیش وەک هەڕەشەی ئەم سەپاندنەیە. هەروەها سیاسەتی گۆشەگیریی وەک ئامرازێک لە دژی تەڤگەری ئازادیی کورد بەکاردەهێنرێت ئەم سیاسەتانە لە بەرژەوەندی تورکیادا نییە. ئەوان دەیانویست بە سیاسەتی گۆشەگیریی بەسەر بەڕێز ئۆجالاندا ئەنجام وەر بگرن، بەڵام سەرنەکەوتن و ئەم سیاسەتانە دەسەڵاتدارانی تورکی نیگەران کردووە و ڕووبەڕووی قەیرانێکی هەمەلایەنە بووەتەوە. بە سیاسەتی گۆشەگیری و دانانی قەیوم، ناتوانن ئەنجام وەربگرن. بۆ ئاشتی لە تورکیا دەبێت دەستبەجێ لەگەڵ موخاتەبان دابنیشن گفتوگۆ دەست پێبکەن."