بێریڤان باخچەجی: لە هەموو گۆڕەپانەکاندا فەلسەفەی ئازادی ژن بڵاودەکەینەوە

وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی بەدەپە بێریڤان باخچەجی ئاماژەی بەوەدا هەموو ترسی دەسەڵاتداری لە ژنانە و وتی: " ژن، ژیان، ئازادی فەلسەفەی ژنانە و لە هەموو گۆڕەپانێکدا بڵاوی دەکەینەوە."

ژنان لە خۆئامادەکردنیاندا بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، لە بەرانبەر هەموو توندوتیژییەکانی دەسەڵاتداری پیاوسالاری دەوەستنەوە. دەسەڵاتداری بە قەدەغەکردنی درووشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' هێندەی دیکە ئەو ترسەی دەسەڵاتداری لە ئازادی ژنان ڕوونتر دەکاتەوە. لەو بارەیەوە وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی بەدەپە بێریڤان باخچەجی پەیوەست بە ٢٥ی تشرینی دووەوم و ئۆتۆریتەی پیاو-دەوڵەت کە لە زیادبووندایە بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و جەختیکردەوە لەوەی هیچ هێزێک توانای خۆڕاگرتنی نیە لە پێش دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' و ٢٥ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ تێکۆشانی گەل زۆر گرنگە.

'یەکەم کاری قەیوم هێرشکردنە لە دژی ژنان'

باخچەجی لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا لەبەرئەوەی لە ئێستادا دەسەڵاتداری لە جۆلەمێرگ زۆرترین فشار لەسەر گەل، گەنجان و ژنان دەسەپێنێت لە خۆ ئامادەکارییدان بۆ پێشوازیکردنی ٢٥ی تشرینی دووەم لە جۆلەمێرگ و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "قەیوم بەرلەهەرشتێک هێرشە بۆسەر دەستەکەوتەکانی ژنان. بینیمان یەکەم گورزی قەیوم لە شارەوانی دێرسیم هەڵوەشاندنەوەی ژن کارتە. بە دەستبەسەرداگرتنی شارەونییەکان ماڵی پشتیوانی ژنان هەموو داخران. ئەمانە بە ڕێکەوت نیە، کەسانێک کە بودجەی گەل تاڵان دەکەن بەرلەهەرشتێک هێرشی سەر دەستەکەوتەکانی ژنان دەکەن. قەدەغەکردنی درووشمی 'ژن،ژیان، ئازادی' لە لایەن دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەوە ترسە بەرانبەر ئیرادە و ئازادی ژنان. قەدەغەکردنی فەلسەفەی ئازدی ژنان دەمامکی دەسەڵاتداری لابردەوە."

لە بەردەوامی قسەکانیدا وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی بەدەپە بێریڤان باخچەجی دەستنیشانیکرد دەسەڵاتداری هەموو کارێک دەکات بۆئەوەی گەنجان و ژن ڕووبکەنە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر. باخچەجی بە ئاماژەدان بۆ کۆنفرانسەکانی دەبەپە ئاشکرایکرد دەسەڵاتداری لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بە شێوەیەکی چڕ و پلانڕێژییەوە شەڕی تایبەت لە دژی ژن و گەنجان بەڕێوەدەبات.

'بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ٢٥ی تشرینی دووەم لە جۆلەمێرگ'

لە کۆتایی قسەکانیدا باخچەجی بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی ٢٥ی تشرینی دووەم لە جۆلەمێرگ کرد و ئەمەی وت: "وەک ئەنجومەنی ژنانی دەبەپە ڕێپێوانی ٢٥ی تشرینی دووەم لە جۆلەمێرگ ئەنجام دەدەین. دەوڵەت لە جۆلەمێرگدا بە چڕییەوە شەڕی تایبەت لە دژی ژن و گەنجان بەڕێوەدەبات. بۆیە لێرەوە بانگەوازی بۆ بەشداربوونی بەهێز لەگەل دەکەین بۆ ڕێپێوانی جۆلەمێرگی ٢٥ی تشرینی دووەم."