ژمارەی دانیشتوانی عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان ئاشکرا کرا

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٥ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار و ٤٩٥ کەسە. هەروەها وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان ئاشکرایکرد ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی باشووری کوردستان ٦ ملیۆن و ٣٧٠ هەزار کەسە.

لە ٢٠ی تشرینی دووەمدا دوای ٢٧ ساڵ سەرژمێری گشتی لەسەرانسەری عێراقدا ئەنجامدرا. دوای تەواو بوونی پرۆسەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی بە ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانی ڕێژەی دانیشتوانی عێراقی ڕاگەیاند؛ کە ٤٥ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار و ٤٩٥ کەسە، هەروەها ٧ ملیۆن و ٨٩٨ هەزار و ٥٨٨ خێزان لە عێراقدا هەیە. بە هەرێمی باشووری کوردستانیشەوە.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەیدا سودانی باسی لە ڕێژەی ڕەگەزی ژن و پیاو کرد لە عێراقدا و وتی: "لە عێراقدا ٢٢ ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٦٢ پیاو هەیە، کە دەکاتە لە سەدا٥٠،١ی دانیشتوان، وە ٢٢ ملیۆن و ٦٢٣ هەزار و ٨٣٣ ژن هەیە کە دەکاتە لە سەدا ٤٩،١ی دانیشتوان. هەروەها ٧ ملیۆن و ٨٩٨ هەزار و ٥٨٨ خێزان لە عێراقدا هەیە. وە ڕێژەی ئەو خێزانانەی کە ژنان سەرپەشتی دەکەن بریتییە لە سەدا ١١،٣٣ و ئەوانەی پیاو سەرپەرشتی دەکات لەسەدا ٨٨،٦٧ خێزانە."

زۆرینەی دانیشتوانی عێراق لە شارەکاندا نیشتەجێن

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا سودانی دەسنیشانیکرد لە سەدا ٧٠،٣ی دانیشتوان نیشتەجێی شارەکانن و لە سەدا ٢٩،٧ی دانیشتوان نیشتەجێی گوندەکانن.

لە بارەی ڕاگەیاندنی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی باشووری کوردستانەوە، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕێژی دانیشتوانی هەرێمی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند.

دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی ڕایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی باشووری کوردستان ٦ ملیۆن و ٣٧٠ هەزار کەسە.

وەزیری پلاندانان ئەوەیشی خستەڕوو لە سەدا ٨٤ی دانیشتوان نیشتەجێی شارەکان و لە سەدا ١٦یش نیشتەجێی گوندەکانن.