لەماوەی ٥ ڕۆژدا نزیکەی ٢٥٠ کەس لە باکوور و تورکیا دەستبەسەر کراون

دەوڵەتی تورک بە بیانووی چالاکییە گیانبازییەکەی ١ی تشرینی یەکەم لە دژی وەزارەتی ناوخۆ، لە دەیان شار تیرۆر و تۆقاندی دەستگیرکردنی ھەڕەمەکی و سیستماتیکی بەڕێوەدەبات. لە ماوەی ٥ ڕۆژدا لانیکەم ٢٤٦ کەس دەستبەسەر کران.

لە ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمەوە، شەپۆلێکی دەستگیرکردن لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە لایەن ھێزەکانی دەوڵەتی تورک دەستیپێکردوە. چالاکییە گیانبازیەکەی تابوری نەمران کە ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم لە ئەنقەرە دژی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا، وەک پاساوێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوکردنی سیاسی ھێنراوەتەوە.

٢ی تشرینی یەکەم: لە ھەڵکوتانەسەر ماڵان لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و کرکلارەلی، بەتایبەتی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (ھەدەکە) و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) کرانە ئامانج و ٢٠ کەس دەستبەسەر کران. لە کۆی ئەو ٢٠ کەسە کە ڕۆژی ٥ی تشرینی یەکەم ڕەوانەی دادگا کرابوون، ١٦ کەسیان ئازاد کران و محەمەد ئاکچیچەک، بولەند یڵدرم، ئومید قارەمان ئەزبەر و زەینەل ئازادی دەستگیر کران.

٣ی تشرینی یەکەم: لە ١٦ شار ئۆپەراسیۆنی هاوکات بەڕێوەچوو و ٥٥ کەس دەستبەسەر کران. ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن کە چەقەکەی شاری ڕحا بوو، لە مێردین، ئامەد، دیلۆک، مێرسین، شڕنەخ، ئیستەنبوڵ، بورسا، ئێلیح، دەنیزلی، ئەدەنە، قەیسەری، ئەنتالیا، کۆنیا، ئیسپارتا و کۆجاعەلی ئەنجامدرا. ڕاگەیەندرا کە زۆربەی ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون پەنابەرن. لەوانە ٢٠ ژن دوای وەرگرتنی وتە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، ئازاد کران. کاتێک وتە لە کەسانی دیکە وەردەگیرا، ژمارەی دەستگیرکردنەکان زیادی کرد و لە ٦ی تشرینی یەکەمدا بە گشتی ٧٠ کەس ڕەوانەی دادگا کران.

٤ی تشرینی یەکەم: ٣٧ کەس لە ئیستەنبوڵ، وان، ڕحا، ئەلەزیز، دوزجە، ئامەد، بورسا، ئەدیرنە، کرکلارەلی، کلیس، ئیدر، هاتای، ئەدەنە، مەرەش و دەنیزلی، دەستگیر کران. کە بە پاساوی بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراون.

٥ی تشرینی یەکەم: بەگوێرەی ئاماری دەوڵەتی تورک، لەو رۆژەدا، لە ئەرزرۆم، دیلۆک، ئیستەنبوڵ و شڕنەخ لە ھەڵکوتانەسەر ماڵاندا ٢٤ کەس دەستبەسەر کران.

٦ی تشرینی یەکەم: لە ئیزمیر، ئەسکیشەهیر، کلیس، کۆجاعەلی، ئێلیح، جۆڵەمێرگ، مێردین، ئامەد، ئاگری، بەدلیس و شڕنەخ، لانیکەم ٧٥ کەس لە میانی هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا دەستبەسەر کراون. کە لە نێویاندا ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەرانی هەدەپەش بوونیان ھەیە.