عەمار حەکیم: پێویستە وڵاتانی دراوسێ کۆتایی بە دەستوەردانەکانیان لە عێراق بهێنن

عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە نارەزایی بەرانبەر هێرشی وڵاتانی دراوسێ بۆ ناو خاکی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، پێویستە ئیدی وڵاتانی دراوسێ سەروەری خاکی عێراق پێشێل نەکەن.

عەمار حەکیم لەم بارەیەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و گوتی، " "قەبووڵی ناکەین عێراق ببێتە بارەگا و ساحەی ناکۆکییەکانی وڵاتانی دراوسێ."
سەرۆکی رەوتی حیکمە دەشڵێت، دەوڵەتانی دراوسێ پێویستە کۆتایی بە دەستتێوەردانەکانیان بهێنن و سەروەری خاکی عێراق بپارێزن و بتوانن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگی بکەن."

قسەکانی حەکیم لە کاتێکدایە کە شەش رۆژە رژێمی ئێران دەستی بە بۆردومانکردنی بارەگای پارتە کوردیەکان لە ناو هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوریەکان کردووە.

بەپێی دوایین ئاماری هێرشەکان، لە هێرشەکانی دوێنێی رژێمی ئێراندا ١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش هێرش دەکاتە سەر هەمان ئەو شوێنانەی کە رژێمی ئێران بۆردومان و تۆپبارانی دەکات.

هەروەها هێرشە داگیرکەریەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و کیمیایی و ئەتۆمی تاکتیک بەردەوامە.

ف.ق