پارێزەرانی ئەوروپا: دەمانەوێت گۆشەگیری تێکبشکێنین

ئەو پارێزەرانەی، کە داوایان لە وەزارەتی دادی دەوڵەتی تورک کرد بۆ ئەوەی بچنە ئیمرالی رایانگەیاند، دەیانەوێت گۆشەگیری تێکبشکێنن.

پارێزەران ڕۆژی ١٤ی ئەیلول لە برۆکسلی بەلجیکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، دەیانەوێت بچنە ئیمرالی.

بە ناوی ٣٥٠ پارێزەر لە سەرتاسەری جیهانەوە داوای چوونە ئیمرالی کرا و ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە و تیایدا، داواکرا گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێبێت و مافی بەرگریکردن لێی مسۆگەر بکرێت.

بن خەلیفە: قۆناغی داهاتوو ئەوەیە بڕۆین بۆ ئیمراڵی

سەلما بن خەلیفە دوای کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی پاریزەرانی برۆکسل و تۆڕی پارێزەرانی پێشکەوتوو ڕایگەیاند، ئەو ئەندامی کۆمەڵەی مافناسانی ئەوروپایە بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤە و کۆمەڵەکەیان پێشەنگایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ ڕۆیشتن بۆ ئیمراڵی.

بن خەلیفە، وتیشی: ٣٥٠ پارێزەر بەشدارییان لەو هەوڵەدا کردووە بۆ ئەوەی ببنە پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بچنە ئیمرالی.

بن خەلیفە ڕایگەیاند، نامەیەکیان بۆ وەزارەتی دادی تورکیا و رێکخراوەکانی پارێزەرانی جیهان نووسیوە و دەڵێت: "شکاندنی گۆشەگیری گرنگە، ئەو گۆشەگیرییە پێشتر لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی نەهێشتنی ئەشکەنجەوە ئیدانەکرا و ئەم گۆشەگیرییە ناتوانێت بەردەوام بێت. بە داواکاریی ڕۆیشتنمان بۆ ئیمراڵی دەمانەوێت ئەو گۆشەگیرییە تێکبشکێنین، بۆیە ئاستی تری داهاتووی کارەکەمان ئەوەیە، کە بچینە ئیمرالی".

دیباتی: مافی دادگاییەکی دادپەروەرانە پێشێل دەکرێت

هێلین دێباتی سەرۆکی یەکێتیی پارێزەران بۆ دیموکراسی (SAD)، کە خۆی بە رێکخستنێک بۆ ڕێکخراوی دیموکراسی پێناسە دەکات، ڕایگەیاند، بۆ چاودێریکردنی زیندانی ئیمراڵی و چەند دۆسیەکی تر سەردانی تورکیایان کردووە.

دێباتی ڕاشیگەیاند، بەم دواییانە بەشداریی دۆسیەی کۆمەڵەى مافناسانی هاوچەرخ (چەهەدە / ÇHD) دا کردووە و وتی: "تورکیا لەو دۆزەدا بە تەواوی پێوانەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە و بێلایەنانە پێشێل دەکات".

دیباتی وتیشی: "ئەو وەک پارێزەرێک خۆیشی بە بەرپرس لە دۆسیەی ئیمرالی دەزانێت و وتی: "مافی پارێزەرانە، کە بتوانن پەیوەندی بە موەکیلەکانیانەوە بکەن. ئەگەر ئێوە هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییەکانی دیکەی ئیمرالی دا نەبێت، ئەوا ناتوانن ئامادەکاری بۆ کەیسەکە بکەن، ئەوا ناشتوانن ئامادەکاری بکەن بۆ بەرگریکردن".

دێباتی ئەوەشی ڕاگەیاند، مافی بەرگریکردن لە ڕێگەی گۆشەگیرییەوە پێشێلکراوە و وتی: "پارێزەران ناتوانن ئامادەکاری بکەن. ئەمەش هەم بۆ ئێمە و هەم بۆ هەموو پارێزەران گرنگە".

ژ.ت