پەلەمانی بەلجیکا جینۆسایدی ئێزدییەکانی پەسەند کرد
کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا پرۆژە بڕیارێکی لەبارەی پەسەندکردنی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەکۆی دەنگ پەسەند کرد.
کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا پرۆژە بڕیارێکی لەبارەی پەسەندکردنی جینۆسایدی ئێزدییەکان بەکۆی دەنگ پەسەند کرد.
لە بڕیارەکەى پەرلەمانی بەلجیکادا جیۆسایدی ئێزدییەکان لە عێراق و سوریا لەلایەن چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا "ئیدانە و پەسەند کراوە".
بۆ ئەوەى لە سزا دەرباز نەبن دەبێت رێگا یاسایەکان بەکار بهێنرێن
پەرلەمانی بەلجیکا لە پرۆژە بڕیارە پەسەندکراوەکەیدا داوای لە حکومەت کرد، "بۆ ئەوەى تاوانی پاکتاوکردن و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا بەبێ سزادان تێنەپەرێت دەبێت هەموو رێگا یاساییە نێونەتەوەییەکان، لە ئاستی نێونەتەوەی و ناخۆیدا بگیردرێنە بەر".
پەرلەمان داواشیکردووە، "تاوانەکانی دژ بە کۆمەڵگەى ئێزدی و ئەو تاوانانەى لەلایەن ئەنجامدەرە بەلجیکییەکانەوە لە دژیان ئەنجامدراوە، بە دڵنیاییەوە دەستنیشان دەکرێن و سیستمی دادپەروەریی بەلجیکا پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات و یارمەتیدەر دەبێت".
دەبێت هاوکاریی ئێزدییەکان بکرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر خاکی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان
لە پرۆژە بڕیارەکەدا داوا لە بەلجیکا کراوە، کە هاوکار بێت بۆ گەڕانەوەى ئێزدییەکان بۆ سەر خاکی خۆیان و سەرلەنوێ ئاوەدان کردنەوەى ناوچەکانیان.
پرۆژە بڕیارەکە لەلایەن پەرلەمانتارەکانی دیموکرات مەسیحییەکان (سی دی ئێچ / cdH)ەوە پێشکەشکراوە. هەروەها لەلایەن حیزبی یەکێتیی نوێی فلاندەر (N-VA) و کۆئین مەتسیووە ئیمزا کراوە و ٧ حیزبی بەشداربوو لە حکومەتی هاوپەیمانیی بەلجیکا پشتیوانیان لە بڕیارەکە کرد.
جۆرجیس دالیماگن لە حیزی دیموکرات مەسیحی و ئەندامی کۆمسیۆنی پەرلەمان رایگەیاند، ئەو پرۆژە بڕیارە بە کۆدەنگی و یەکگرتوویی پەسەند کرا و زۆر "پێی سەربەرزین".
جۆرجیس دالیماگن وتیشی، "بەڵگەکان روون و ئاشکرا بوون. بەڵگەى زۆر هەبوون و گرنگ بوون. لە هاوینی ٢٠١٤ەوە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) پلانی بۆ جینۆساید و کۆمەڵکوژییە داڕشت. گۆڕە بە کۆمەڵەکان دۆزرانەوە، گوشاریان لێکرا، کە بە زۆر ئایینەکەیان بگۆڕن. هەموو ئەوانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین".
جۆرجیس دالیماگن و کۆئێن مەتسیو لە کۆتایی ساڵی رابردوودا سەردانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریایان کردبوو.
لیستی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان
لە پرۆژە بڕیارەکەدا لیستی پێشێلکاری و تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان ئامادە کراوە. لە لیستی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکاندا هاتووە، "پۆگرۆم (کوشتاری توندوتیژیانە و ئازاری پێکهاتەیەکی نەتەوەی، یان ئایینی بۆ سڕینەوەیان)، کوشتنی پیاوان بە پلان و بەرنامە بۆ دانراو، کۆیلەکردنی زایەندی و سێکسی ژنانی سەڵت بۆ بەرپرسان و سەربازان، رادەستکردنی دیلکراوەکان لە بەرامبەر فیدییەکی زۆر دا، زیندەبەچاڵکردنی ژنان، پیاوان و منداڵان، بە زۆر پێدانی ماددەی هۆشبەر بە منداڵان، بە زۆر کردنیان بە ئیسلام و چەکدارکردنی منداڵان"، ئەوانە بەشێکن لەو تاوانە، کە لە لیستی تاوانەکانی ئەو پرۆژە بڕیارەدا هاتوون.
ژ.ت