پەروین بوڵدان: پێویستە دەستبەجێ دانوستانەکان دەربارەی کۆمیسیۆنەکە دەست پێ بکات

ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان پشتگیری لە بانگەوازەکەی سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی کرد دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان، گوتی: "پێویستە دەستبەجێ دانوستانەکان دەربارەی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکە دەست پێ بکات".

ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەروین بوڵدان لە تەلەفزیۆنی (T24) هەڵسەنگاندنی کرد بۆ بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ "با کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێک‌بهێنرێت".

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند پێشنیارەکە ئەرێنییە و پشتگیری لێ دەکەن، گوتی: "ئێمەش هەمیشە گوتوومانە، لەم بابەتە شوێنی سەرەکیی بۆ چارەسەر، دەبێت پەرلەمان بێت، گرنگە ئەم خواستە لە پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکدا بەرجەستە ببێت".

پەروین بوڵدان ڕایگەیاند لە بابەتی پێکهێنانی کۆمیسیۆنەکەدا زۆرینەی پارتە سیاسییەکان هاوڕان و داوای لە ئاکەپە کرد بەبێ دواکەوتن ڕوانینی خۆی بخاتەڕوو.

پەروین بوڵدان جەختی کردەوە، دەبێت دەستبەجێ دانوستانەکان دەربارەی کۆمیسیۆنەکە دەست پێ بکات و پەرلەمان ڕۆڵ بگێڕێت، گوتی: "بەڕێز باخچەلی ئاماژەی بە کۆمیسیۆنێکی ١٠٠ کەسی و کۆمیسیۆنە لاوەکییەکان کرد، بێگومان ژمارە و شێوازەکەی دەتوانرێ گفتوگۆی لەسەر بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە تەواوی پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکەین کە پێویستە هەر لایەنێکی سیاسی ئەندامێک بۆ کۆمسیۆنەکە دابین بکات، کە کۆمیسیۆنە لاوەکییەکان پشتگیری کۆمسیۆنەکە بکەن، هەروەها سەرۆکی کۆمسیۆنەکە سەرۆکی پەرلەمان بێت".

پەروین بوڵدان جەختی کردەوە، گۆڕانکارییە یاساییە پێویستەکان بۆ دیموکراتیکبوون، دەبێت لەڕێگەی کۆمیسیۆنێکەوە بێت.