رەحمانی: بەهۆی ئەندێشەی ژن، ژیان، ئازادی خۆمان بە قەرزارباری ئۆجالان دەزانین

بەهرام رەحمانی سیاسەتمەدار و چالاکوانی سیاسی باس لەوەدەکات کە بە هۆی ئافراندنی ئەندێشەی ژن، ژیان، ئازادی خۆیان بە قەرزارباری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەزانن و جەختیش دەکاتەوە کە ئۆجالان لەگەڵ نێلسۆن ماندێلا بەراورد دەکرێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بەهرام رەحمانی سیاسەتمەدار و چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاند: لەئێستا ئەگەر لە ئێران دروشم و ئەندێشەی ژن، ژیان، ئازادی کاریگەرییەکی قووڵی داناوە و ژنان و گەنجان پێشەنگایەتی ئەو سەرهەڵدانە دەکەن، ئێمە لەمەدا خۆمان بە قەرزارباری ئەندێشەکانی ئۆجالان دەزانین و هەربۆیەش لە هەرشوێنێک، هەر شتێکمان بە شێوەی بەکۆمەڵ یاخود تاکەکەسی لە دەستبێت بەتایبەتی لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، راگەیاندنەکان، حزبەکان و رێکخراوەکان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەبێت بۆ ئازادی ئۆجالان ئەنجامی بدەین.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

وەک دەزانن زیاتر لە دوو ساڵە گۆشەگیرییەکی چڕ لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە و رێگە نادرێت پارێزەران و بنەماڵەی ببینێت، هەڵسەنگاندنی ئێوە لەو بارەوە چییە؟

"کاتێک باس لە ئۆجالان دەکەین ناکرێت تەنیا باس لەم دوو ساڵەی دوایی بکەین، لەبەر ئەوەی ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ واتە بەماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵیدایە. جگە لەو ماوە کورتەی دەوڵەتی تورک ناچار بوو لە زینداندا دیدار لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدات و چەند زیندانییەکی دیکە بنێرێتە دوورگەکە، ساڵەکانی دیکەی بە تەنیایی لە زیندان بەڕێکردووە. لەو قەناغەدا رێگە بە بنەماڵە و پاڕێزەرانی دەدرا چاویان پێی بکەوێت، بەڵام لەئێستا بە هیچ جۆرێک رێگە بەوەنادرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەبێت زیندانیکراو چاوی بە بنەماڵە و پاڕێزەرانی بکەوێت و تەنات بتوانێت لە مافی مۆڵەتوەرگرتنیش سوودمەند بێت.

تورکیا لە دوای ساڵی ٢٠١٦ەوە تاڕادەیەک سەرجەم داواکارییەکانی پارێزەرانی ئۆجالانی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ موەکیلەکەیان رەتکردووەتەوە و تەنانەت کۆتا پەیوەندی تەلەفونیشی لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای لە نیوەدا پچڕێنرا. ئێستاش ماوەی دوو بۆ سێ ساڵە کە لە گۆشەگیری رەهادایە. هۆکارەکەشی زۆر روونە، ئەگەر ئۆجالان ئازاد بکرێت، یاخود بەربەستەکانی بەردەم دیدارەکانی لەگەڵ پارێزەران هەڵبگیرێن، سەرلەنوێ ئەندێشە، راگەیەندراو و کتێبەکانی دێنە دەرەوەی زیندان و سەرلەنوێ هەمان کاریگەری ٢٤ ساڵی رابردووی لەسەر دەرەوە، دەستپێدەکاتەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان تائێستا نزیکەی ١٠٠ کتێب و وتاری نوسیوە و ناردوویەتی دەرەوەی زیندان و هەربۆیە کاریگەری زۆری لە سەر کۆمەڵگا هەبووە. لەوانە پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) دامەزرا، شۆڕشی رۆژئاوا ئەنجامدرا و تیۆری و بیرۆکەکانیشی لەو شۆڕشەدا شوێندانەر و یەکجار کاریگەر بوون. هەروەها هەر ئەم دروشمەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە ئەمرۆ دەوترێتەوە، لە فەلسەفەی ئۆجالانەوە سەرچاوەی گرتووە و یەکەمجار لە ناوخۆی تورکیا (و باکووری کوردستان)ەوە و دواتریش ماوەی ١٢ ساڵە لە رۆژئاوا دەوترێتەوە. لە یەک ساڵی رابردووشدا بۆ یەکەمجار لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز لە میان بە خاکپساردنی تەرمی ژینا ئەمینی وترایەوە. کەواتە ناتوانرێت ئۆجالان لە ناوچەکە و لە جیهاندا لەگەڵ هیچ زیندانییەکی دیکەی سیاسی بەراورد بکرێت. من ئەگەر بمەوێت ئۆجالان بەراورد بکەن، لەگەڵ نێلسۆن ماندێلادا بەراوردی دکەم، کاتێک دوای ٢٧ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا، ئەپارتاید و هەڵاواردنی نەژادی لەناوچوو. ماندێلا لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بووە سەرۆککۆماری ئەفریقای باشوور. ئۆجالان لەگەڵ ئەو بەراورد دەکەم. ئێستا ئەگەر ئۆجالان ئازاد بکرت، سەرەتا دەبێت سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن، چالاکی حزبەکان ئازاد بکرێت، چالاکی و جموجۆڵی بزوتنەوەکان ئازاد بکرێت و تەنانەت لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا ئۆجالان دەبێتە بەرپرسی خۆبەڕێوەبەریی لە تورکیا، کە هەر بەرێزیان دەیەوێت کۆمەڵگا بە شێوەی خۆبەڕێوەبەر ئیدارە بکرێت، نەک بە شێوەی رواڵەتی و ناڕاستەوخۆ و پەرلەمانی.

ئۆجالان دەیەوێت گەل و بەتایبەتی ژنان پێشەنگی ئەم بزوتنەوەیە بن. لە رۆژئاوا یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) سەرکەوتووتر لە هێزەکانی دیکە بوون. لەئێستا ئەگەر لە ئێران دروشم و ئەندێشەی ژن، ژیان، ئازادی کاریگەرییەکی قووڵی داناوە و ژنان و گەنجان پێشەنگایەتی ئەو سەرهەڵدانە دەکەن، ئێمە لەمەدا خۆمان بە قەرزارباری ئەندێشەکانی ئۆجالان دەزانین و هەربۆیەش لە هەرشوێنێک، هەر شتێکمان بە شێوەی بەکۆمەڵ یاخود تاکەکەسی لە دەستبێت بەتایبەتی لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، راگەیاندنەکان، حزبەکان و رێکخراوەکان لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەبێت بۆ ئازادی ئۆجالان ئەنجامی بدەین".

ئەم هەوڵەی کە باستان کرد دەبێت بە چ شێوەیەک ئەنجام بدرێت؟ ئەرکی هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی سیاسی چییە و دەبێت چی بکەن؟

"یەکێک لەکارەکان بەم جۆرەیە کە هەر ئێستا ئێوە ئەنجامی دەدەن و لە راگەیاندنەکانەوە بڵاوی دکەنەوە کە ئۆجالان لە چ دۆخێکدایە. لە ئاستەکانی دیکەشدا دەکرێت لە رێگەی راگەیاندنە نێونەتەوەییەکان ئەو بابەتە بخرێتەبەرباس. جیالەوە لە سەر ئاستی حزب و بزوتنەوە و رێکخراوە مەدەنیەکان لە وڵاتانی جیاجیا پەیوەندی ساز بکرێت. لە راستیدا هاوشێوەی ئەو جوڵانەوە نێونەتەوەییەی دژی هێرشەکانی تورکیا و بۆ داکۆکی لە رۆژئاوای کوردستان ساز کرا، لەئێستاشدا بواری ئەوە هەیە کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی لەبارەی ئۆجالانەوە هەوڵێکی لەو چەشنە بخرێتەگەڕ. تەنانەت ماوەیەک یەکێک لە پارێزەرانی نێلسۆن ماندێلا ئەرکی پارێزەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالانی لە ئەستۆبوو، کە بە داخەوە کۆجی دوایی کرد. ئێستا زەمینە و بوارێکی لەم جۆرە هەم لە ناوخۆی تورکیا و هەم لە ئێران رەخساوە. پێویستە ئێمە بە یەک دەنگ هاوار بکەین "دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت". هەموو زیندانیانی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێن".