سەباحات ئەردۆغان ساریتاش: دژە ژەهری شەڕی تایبەت بەڕێکخستن کردنە

ساریتاش، ئەندام پەرلەمانی دەم پارتی سیرت ڕایگەیاند، حکومەت لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی دەدات و وتی: " دژە ژەهری شەڕی تایبەت بە ڕێکخستن کردنە."

شەڕی تایبەت

سەباحات ئەردۆغان ساریتاش، نوێنەری دەم پارتی لە پەرلەمان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات لە سەر هێرشە ڕەگەزپەرستییەکان دژ بە زمان، کولتوور و هەبوونی گەلی کورد قسەی کرد.

ساریتاش ڕایگەیاند، دانپێدانان بەوەی "هەرکەسێک کێشەی کورد چارەسەر نەکات خۆی هەڵدەوەشێتەوە" دروشم نییە، بەڵکو ڕاستییەکی مێژووییە و ڕایگەیاند: "دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە ناتوانێت لە ئەزموونی ئەم چارەنووسە ڕزگاری بێت."

ساریتاش ڕایگەیاند: "لە ڕاستیدا ئەم حکومەتە نە دەسەڵاتی هەیە و نە بەختی ئەوەی کە لەلایەن گەلی کوردەوە قبوڵ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی گەورە وەک پرسی کورد، کە مەودایەکی زۆری تێپەڕاندووە و لە ڕاستیدا گەیشتووەتە ئاستی نێودەوڵەتی. کاتێک سەیری ئەم وێنەیە دەکەین تەنها یەک ئارگیومێنت هەیە ئەویش پێداگری حکومەتە لە چارەسەرنەکردنی ئەم پرسە و ئەویش بە ڕێگەی توندوتیژیی، بەتایبەت لە دوایین هەڵبژاردنی ناوخۆییەوە زۆر زیاتر بووە چونکە نەیانتوانی ئەو سیناریۆیەی لەبەرنامەیاندا بوو بیسەپێنن. وەک ١٠٠ ساڵی ڕابردوو، سیاسەتەکانیان لە سەر ئینکار، لەناوبردن و ئاسمیلەکردن چڕ کردووتەوە. بە تایبەت ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدەست هاتووە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە بەم سیاسەت و عەقڵیەتە گەڕاینەوە بۆ سەرەتای کۆمار.

ئامانجی سەرەکی ژن و گەنجان

سەباحات ئەردۆغان ساریتاش لە هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی شەڕی تایبەتدا وتی: "چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و پەرەسەندنی توندوتیژیەکان دەتوانرێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت. لە بنەڕەتدا ئەمە چیتر شێوازێکی توندوتیژی نییە کە تەنها لەسەر بنەمای چەک یان ئامرازەکانی تر بێت، بەڵکوو ناونیشانێکی جیای هەیە کە ئێمە پێی دەڵێین "سیاسەتی شەڕی تایبەت" و ئەمەش مەترسیدارترین شێوازیەتی. لەشفرۆشی و مادەی هۆشبەر و هتد لە شارەکانی کوردستان بەو ڕێگەوە پەرەی پێدراوە ئەمە بە ڕێکەوت نییە. ئامانجی سەرەکی هێرشەکان ژنان و گەنجانن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە گرنگ دەزانین ژنان و گەنجان سەبارەت بەو سیاسەتانە زۆر هۆشیار و هەستیار بن. لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەکانەوە، نەک هەر لە تورکیا یان پەیوەندیدار بە کوردەوە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا، ئامانجی سەرەکی ئەم سیستەمانە ژنان و گەنجان بوون، بۆیە دەبێت زۆر بە هۆشیارییەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە.

دژە ژەهری شەڕە تایبەتەکان بەڕێکخستن کردنە

ساریتاش ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ چڕبوونەوەی سیاسەتی شەڕی تایبەت لە بواری کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستان هەوڵی بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر، لەشفرۆشی و سیخوڕیی دەدرێت و وتی: "سیاسەتی شەڕی تایبەت تەنها دژی یەک کەس نییە، بەڵکوو ئەوان هەموو کۆمەڵگا دەکەنە ئامانج لە ئێستادا سیاسەتی شەڕی تایبەت بە هەموو بوارەکانی ژیاندا تەشەنەی کردووە، هاوشێوەی سیستەمی گۆشەگیری، هەوڵدەدەن کۆمەڵگا لە تاریکیدا بمێنێتەوە. بۆیە بەهێزترین شەڕ لەدژی ئەو حکومەتە پیاوسالارییەدا بێگومان بەڕێکخستن کردنی تایبەتی خۆمانە. دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر بۆ پاراستنی بوون، ناسنامە و ئازادیمان تێکۆشان بکەین. دژە ژەهری سیاسەتی شەڕی تایبەت بەڕێکخستن کردنە.

حکومەت لە هەموو بوارەکاندا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی توندوتیژی

سەباحات ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، کەسانێک بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی، گۆرانی کوردی یان سەماکردن دەستگیرکران، بە گشتی سیاسەتی حکومەت قەدەغەکردنی زمانی کوردییە. حکومەت بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی توندوتیژی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە هەوڵدان بۆ زیندوو ڕاگرتنی گرژی، دوژمنایەتی، دژایەتی و ڕەگەزپەرستی، ساڵانێکە لە ڕێگەی کورد، ئەرمەنی، عەلەوی، ژنان، ڕۆژنامەنووسان، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا کاری لەسەر دەکات و بە واتایەکی تر هەرکەسێک ناڕەزایەتی دەرببڕێت، دەخرێتە بەرنامەی کارەکانیانەوە.

بە دوژمنایەتی لەگەڵ کورد نایگەیەنێتە ئامانجەکانیان

سەباحات ئەردۆغان وتی: "هەموو ئەمانە لە ڕاستیدا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە بلۆکی دەسەڵاتدار چیتر هەست بە پێویستی شاردنەوەی ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی ناکات. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە سیاسەتەکانیان سەبارەت بە کورد لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێپێوان و ڕۆژنامەوانی و لە هەموو کایەکانی ژیاندا گەیشتووەتە بنبەست. بەڵام ئەمجارە ڕووبەڕووی هێزێکی گەورەتر و بەڕێکخستنی تر دەبێتەوە. کاتێک زیان بە کوردان دەگەیەنن، دەنگ و کاردانەوەکە تەنیا لە ئامەد و وان و مێردین و سیرتەوە نابیستن، ئێستا دەنگ و کاردانەوەکانی لە سەرانسەری جیهانەوە دەبیننەوە. گەلی کورد بە درێژایی ساڵانێکی زۆر توانیویەتی ببێتە هێزێکی بەڕێکخستنی بە هێز وناوازە. بۆیە بەو سیاسەتانە چیتر ناتوانن تەمەنی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە درێژ بکەنەوە. ئەوان جگە لە دوژمنایەتی کورد و توندوتیژی بەرامبەری هیچ سووتەمەنییەکیان نییە بۆ مانەوەیان لەدەسەڵات بەڵام ئەم سووتەمەنییە نایانگەیەنێتە ئەو وێستگەیەی کە دەیانەوێت ئەوان ئیتر شکستیان هێناوە."

ئێمە شەرعیەت بە هیچ قەدەغەکردنێک نادەین

سەباحات ئەردۆغان ئەماژەی بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی دا و وتی: " ناتوانن بە قەدەغەکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیری، یان دانانی قەیوم پێشکەوتن بەدەست بهێنن، گەلی کورد و سیاسەتی کوردستان بەو سیاسەتانەیان ناشارەزا نین. بۆیە ڕێگای ئێمە و شێوازی بەرخۆدانمان ڕوونە. ئێمە هیچ قەدەغە کردنێک ناناسین، بەڵکوو هەنگاوەکانمان لەو بوارانەی بەرژوەندی گەلەکەمانە  پەرە پێدەدەین، زیاتر بە زمانی خۆمان قسە دەکەین، ئاوازەکانمان بە دەنگی بەرزتر دەڵێینەوە و بە ئیرادەیەکی مەزنەوە خاوەنداری لە دەستکەوتەکانمان دەکەین. سیاسەتی ئێمە سیاسەتی ژیانە. ئێمە خاوەن مێژووییەکی دوور و دەوڵەمەندین کە بەم جۆرە فێڵ و فریودانانە پاشەکشە بۆ کەس ناکەین."