شاندی سی پی تی سەردانی ئیمڕاڵی کرد

سی پی تی رایگەیاند، کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا لە نێوان ٢٠-٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەگەڵ شاندێک چوونەتە ئیمڕاڵی.

کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا (سی پی تی)، ئەمڕۆ سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ تورکیا لە نێوان ٢٠-٢٩ ی ئەیلول راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. سی پی تی لە راگەیەندراوەکەیدا ئاشکرای کرد کە سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی کردووە.

سی پی تی پەیوەست بە سەرداکەی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە کۆمیتەی رێگریی لە ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا لە ٢٠-٢٩ی ئەیلول بە مەبەستێکی تایبەت سەردانی تورکیای کردووە و هێمای بۆ ئەوە کردووە کە لە سەردانەکەدا پرۆسەی پەیوەست بە دەستگیرکردنی بیانییەکان، هەلومەرجی راگرتنیان و سنوورداشکردنیان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە.

سەردانی ئیمڕاڵیشی کردووە

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە شاندی سی پی تی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە هەلومەرج و بارودۆخی زیندانەکە چووەتە زیندانی ئیمڕاڵیش و لەو چوارچێوەدا لەبارەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان کە بواریان بۆ رەخسێنراوە و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە راوەستەی لەسەر کراوە.

شاندی سی پی تی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا دیداری لەگەڵ وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلو، سەرۆکی دەستەی کۆچ و کۆچبەران ساڤاش ئونلو و کاربەدەستانی باڵای سەر بە وەزارەتی ناوخۆ (فەرماندەی گشتیی جەندرمە و فەرماندەی ئاسایشی کەنارئاوەکان) ئەنجامداوە. هەروەها شاندەکە لەگەڵ جێگری وەزیری داد ئاکین گولرەک، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکان و کاربەدەستانی باڵای وەزارەتی دەرەوەش سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزاکان و دۆخی ئیمڕاڵی قسەی کردووە.

لە کۆتایی سەردانەکەدا سی پی تی رایگەیاندووە، کە شاندەکە ئەنجامی سەرەتایی چاودێری و بەدواداچوونەکانیان پێشکەش بە کاربەدەستانی تورک کردووە.

سی پی تی کە تاکە دەزگای نێونەتەوەییە کە بە بێ رێگەپێدانی حکومەتەکانی بەردەنگ دەتوانێت سەردانی زیندانەکانی ٤٦ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا بکات، لە ساڵی ١٩٩٩ بە دواوە ٨ جار و لە ١٠ ساڵی رابردووداش ٣ جار شاندی رەوانەی ئیمڕاڵی کردووە. دوایین جار لە نێوان ٦-١٧ی ئایاری ٢٠١٩ شاندی سی پی تی کە لە شەش کەس پێکهاتبوو سەردانی ئیمڕاڵی کردبوو.

هـ . ب