بە دیمەن

شەهیدانی پاریس لە ئەسەن یادکرانەوە

شەهیدانی پاریس لە شاری ئەسەنی ئەڵمانیا لە لایەن کوردستانیانەوە یادکرانەوە.

بۆ ساکینە جانسز (سارا)، لەیلا شایلمەز (ڕوناهی)، فیدان دۆغان (ڕۆژبین)، ئامینە کارا (ئەڤین گۆیی)، عەبدولڕەحمان کزل و م. شیرین ئایدن (میر پەروەر) کە لە بەرواری جیاوازدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە لایەن میتەوە شەهید کران، بە پێشەنگایەتی تەژەکە-ئە، کۆماو و مەجلیسی گەلی ئەسەن لە ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی ئەسەنی ئەڵمانیا، مەڕاسیمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

لەو هۆڵەی مەراسیمەکەی تێدا بەڕێوەچوو، وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و شەهیدانی پاریس هەڵواسرا. هەروەها وێنەی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ڕۆژئاوا شەهید کران، لە هۆڵەکەدا هەڵواسرابوون.

مەڕاسیمی یادکردنەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر بە ناوی تەژەکە-ئە زیلان سەرحەد قسەی کرد.

زیلان سەرحەد وتی: "پێش هەموو شتێک ساکینە جانسز ئەقڵی ئەم تەڤگەرەیە، هەڤاڵ ئەڤین گۆیی جەوهەری خۆشەویستی بۆ کوردستان و ئەم تێکۆشانەیە. هەڤاڵ فیدان و هەڤاڵ لەیلا وەک دڵ و زمانی ئەم تێکۆشانە بوون. میر پەروەر بوو بە هونەری ئەم تێکۆشانە، ماممان عەبدوڕەحمان کزل بوو بە هێمای وڵاتپارێزی و ڕەنجەدەری.

هەروەها دوو هاوڕێی ڕۆژنامەنووسمان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەهید بوون، یاد دەکەینەوە. هەروەها ساڵیادی شەهیدبوونی کوڕێ هۆزان جومەرد و دایکی شەنگێ تایلان قارەمان بە بیردێنینەوە. هەڤاڵ تایلان قارەمان لە پڕۆسەی "ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن" بۆ لەناوبردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەی چالاکی ئەنجامدا. لە پێناو ئازادی ڕێبەرێتی و گەلی کوردستان چالاکی ئەنجامدا".

زیلان سەرحەد ئاماژەی بە هێرشە داگیرکارییەکان و بەرخۆدانی قارەمانانەی ڕۆژئاوا کرد و گوتی: "دەوڵەتی تورک هێزە نێونەتەوەییەکان هاوکاری دەکەن، پێکهاتە تیرۆریستییەکانی وەک داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەی سەر بە دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی ئازادی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد پەنا بۆ هەر شێوازێک دەبەن".

لە چالاکییەکەدا بە ناوی کۆماو جاهیدە گۆیی قسەی کرد.

دوای قسەکان سینەفزیۆنێک لەسەر ژیانی شەهیدان پیشاندرا. دوای پیشاندانی سینەفزیۆنەکە دروشمی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ژن، ژیان، ئازادی” بەرزکرایەوە.