چالاکییەکان بۆ یادکردنەوەی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئەڤین گۆیی، هونەرمەند میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزیل کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا شەهیدکران، سەرلەبەیانی لە ناوەندی کەلتووری کوردی ئەحمەد کایا دەستی پێ کرد و بە وتە و مۆسیقا بەردەوام بوو.
چالاکییەکە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ بە بەشداری دۆستانی کورد و چەند وتەیەک لەبەردەم ناوەندی کەلتووری کوردی ئەحمەد کایا بەردەوام بوو. جەماوەر سەرەڕای سەرما لە شەقامەکان لەبەردەم بینای کۆمەڵەکە کۆبوونەوە و کۆمەڵکوژییەکەی دەوڵەتی تورک و بێدەنگی فەرەنسایان شەرمەزار کرد.
درووشمی "شەهید نامرن" و "ژن ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، هاوسەرۆکی جەدەکە_فە خانێ ئاکدۆغان قسەی کرد.
"تا بکوژان دادگایی نەکرێن، تێکۆشان بەردەوام دەبێت"
خانێ ئاکدۆغان شەهیدانی بیرهێنایەوە و گوتی: "بە دەوڵەتی فەرەنسا کە بانگەشەی ئەوە دەکات ئەمە هێرشێکی نەژادپەرستییە، دەڵیین "ئەڤین گۆیی دژی داعش تێکۆشا. تەواوی ئەوروپای پاراست، بەڵام ئێوە نەتانتوانی بیپارێزن" تا بکوژان دادگایی نەکرێن، تێکۆشانمان ناوەستێت. ئەم کۆمەڵکوژییە و ئەوانەی بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە بێدەنگن شەرمەزار دەکەین".
"خاوەنداری لە میراتی شەهیدان دەکەین"
هاوسەرۆکی جەدەکە_فە شاهین پۆڵات ڕایگەیاند ئەڤین گۆیی لە ڕزگارکردنی ڕەقە بەشداربوو، گوتی: "پێویستە خاوەنداری لە میراتی ئەڤین بکەین و ڕۆژئاوا بپارێزین. باجەکەی هەرچی بێت ئێمە ئامادەین. بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و چارەسەری هەموو کێشەکان، داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین".
"پێویستە دەوڵەتی فەرەنسا کۆمەڵکوژی پاریس ڕوون بکاتەوە"
لەسەر ناوی تەژەکە_ئە ئارشەم ئەحمەد ڕایگەیاند پێویستە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس ڕوون بکرێنەوە، ئاماژەی بەوە کرد سەرەڕای هەموو هێرشەکان شۆڕشی ڕۆژئاوا لەناونەبرا، گوتی: "گەلەکەمان سەرەرای هەموو هێرشەکان، شۆڕشی ڕۆژئاوا دەپارێزێت و پاشەکشە ناکات. بانگەواز لە گەلی کورد دەکەم، ڕۆژئاوا کوردستانە، کۆبانێ کوردستانە، دیسانەوە لەدەوری ڕۆژئاوا کۆدەبینەوە".
"پاریس خاکی کوردانە"
سەرۆکی دەیەمین شارەوانی پاریس ئەلێکساندرا کۆردەبارد گوتی: " پاریس خاکی کوردانە و ئێرە هەمیشە خاکی کورد دەبێت. بەداخەوە ئەم شوێنەش ئەو شوێنە بوو کە کۆمەڵکوژییەکانی تێدا ئەنجامدرا. ئەمە شوێنێکە کە کورد تێیدا دەژی. ٦ خێزان کە دوای شەڕی داعش هاتبوونە ئێرە لە ماوەی ١٠ ساڵدا کوژران. دەمەوێت جارێکی تر ڕابگەیەنم کە ئێمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی مافەکانی کورد. ئێمە دەمانەوێت داواکاری گشتی تیرۆری پاریس سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییە هەڵوێست وەربگرێت".
"پێویستە بکوژان و ئەوانەی دەیانپارێزن، ئاشکرا بکرێن"
لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید ئەڤین گۆیی، زەینەب کارا ڕایگەیاند ٢ ساڵ تێپەڕبووە بەڵام هێشتا بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە دادگایی نەکراون، گوتی: "دەوڵەتی فەرەنسا بکوژان و هاوکارانیان دەپارێزێت، تا دوا نەفەس بۆ ئاشکراکردنی کۆمەڵکوژییەکە تێدەکۆشین. تا بکوژان و ئەوانەی دەیانپارێزن ئاشکرا بکەین، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
چالاکوانی باشووری کوردستان، نیاز عەبدوڵا تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر چوار پارچەی کوردستان و بانگەوازی کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.
"پێویستە پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکرێت"
لەسەر ناوی پارتی سەوز، ئامنیتا نیاکاتێ ڕایگەیاند پێویستە کۆمەڵکوژی پاریس ڕوون بکرێتەوە.
لەسەر ناوی پارتی سۆسیالیست، جنێڤێ گاریگۆس بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" سڵاوی لە جەماوەر کرد، تێکۆشانی ئەڤین گۆیی دژی داعش بیرهێنایەوە و گوتی: "ئێمە پشتیوانتانیان. بە ئێوەوە بەهێزین. دەمانەوێت پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربکرێت".
چالاکییەکە بە شیعر و گۆرانی کۆتایی هات.