ماوەی ٤٢ مانگە بە هیچ جۆرێک هیج هەواڵێک لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نازانرێت. رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمراڵیی بە دیل گیراوەو مافەکانی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران بە تەواوەتی زەوت کراون، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو مافە لە رووی یاسایی ناوخۆیی تورکیا و هەمیش لە رووی یاسای نێونەتەوەییەوە دەستەبەر کراون. دابڕاندنی تەواوەتی پەیوەندییەکان و هەلومەرجی گۆشەگیری دژوار بە تەواوەتی ئیمراڵی گۆڕیوە بۆ سیستمێکی ئەشکەنجەی ئاشکرا و سڕینەوە و لەناوبردن.لەم دواییەدا ٦١ سیاسەتمەدار، هونەرمەند، ئەکادیمیسیان و مافپاڕێزی فەرەنسی نامەیان بۆ کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) نارد و داوایان کرد کە بەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمراڵی بێدەنگ نەبن. یەک لەوانەی نامەکەی واژۆکردووە سیناتۆری فەرەنسی ئان سۆیرس سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان و بەرپرسیارێتی ئەوروپا لەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
'دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەڵبگیرێت'
سیناتۆری فەرەنسی ئان سۆیرس باسی لەوەکرد کە دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و بەم وتانە باسی لە نامەکەیان بۆ سی پی تی کرد: " داوامان کرد سی پی تی سەردانی بەرێز ئۆجالان بکات و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەلومەرجی زیندان بکات و مافە بنەڕەتیەکانی بپارێزێت. هەروەها ئامانجمان ئەوەبوو کە گوشار دروست بکەین بۆ ئەوەی بەڕێز ئۆجالان بەشێوەیەکی ئاسایی و دیموکراتیک دیدار لەگەڵ پارێزەرانی ئەنجام بدات".
'گۆشەگیری هەم بۆ ئۆجالان و هەمیش بۆ بنەماڵەکەی بووەتە ئەشکەنجە'
سیناتۆری فەرەنسی ئان سۆیرس دەستنیشانی کرد کە لەم قۆناغەدا گۆشەگیری لە ئیمراڵی گۆڕدراوە بۆ ئەشکەنجە و وتی، "ئەم گۆشەگیریە بە دڵنیاییەوە ئەشکەنجەیە و لە دژی دیموکراسیە. گۆشەگیری هێندەی بۆ بەڕێز ئۆجالان ئەشکەنجەیە، هێندەش بۆ بنەماڵەکەی ئەشکەنجەیە. گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەروەها گوشاری دژواریش دەخاتە سەر هاووڵاتیان، چونکە دەکرێت سەرجەم هاووڵاتیان لە رێگەی ئەو زیندانیکردنە نایساییەوە هەڕەشەیان لێبکرێت. دەبێت لە دژی ئەو هەلومەرجانە تێکۆشان بکرێت".
'دەبێت لە ئاستی نێونەتەوەییدا چاودێری بکرێت و تێکۆشان بکرێت لە پێناویدا'
ئان سۆیرس وتی کە هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان هەم لە رووی دیموکراسییەوە هەمیش بەلای ئێمەوە پێوەرێکی گرنگە و ئەوەی خستەڕوو، "دەبینین کە تورکیا دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. هەر کات تورکیا دیموکراتیکانە مامەڵەی کرد، ئەو کاتە دەتوانین بیر لەو خواستەی بکەین.
کاتێک زانیاریمان لەبارەی بەڕێز ئۆجالانەوە بە دەست نەگەیشت، ئێمە دەبینین کە رێز لە مافەکانی ناگیرێت. ئێمە نازانین دۆخی تەندروستی بەڕێز ئۆجالان باشە یان نا، هەروەها ئێمە نازانین کە ئایا دەژی یان نا؛ چونکە هیج کەسێ هەواڵی نازانێت، تەنانەت بنەماڵەکەشی..
ئەمە بە هیچ جۆرێک مایەی قەبوڵکردن نییە. لەبەر ئەوەی دەبێت بە دڵنیاییەوە بزانین کە چی روودەدات. ئەمە زۆر گرنگە. هەروەها لە ئیمراڵی سێ زیندانی دیکەش لە هەمان دۆخدان. نابێت رێگە بەو دۆخە بدرێت. دەبێت لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخە بکرێت و لە بەرامبەر تێکۆشان بکرێت. بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و رێگری کردن لە دووبارەبوونەوە پێویستە گوشار بخرێتە سەر تورکیا".
'ئەوروپا پێویستی بوێری سیاسی هەیە'
ئان سۆیرس سەرنجی خستەسەر ئەو شەڕەی دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر گەلی کورد بەڕێوەی دەبات، ئاماژەی بەوەدا ئەوروپا پێویستی بە بوێری سیاسی هەیە بۆ ڕاوەستاندنی تورکیا و وتی: "بە ڕای من بۆ گۆڕینی دۆخی بەڕێز ئۆجالان و ڕاوەستاندنی شەڕی تورکیا لەدژی گەلی کورد هەوڵی زۆر کەم دەدرێت. دامەزراوەکانی ئەوروپا بە هۆی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە لە بێدەنگیدان. لەگەڵ ئەمەشدا لەم ساڵانەی کۆتاییدا بە تایبەت لە باکووری کوردستان بەشێک لە وەزیرەکانمان پاڵپشتییان لە مافەکانی گەلی کورد دەکرد. هەندێک وەزیر لەم بابەتەدا پشتگرییان لێکردین. هەربۆیە نابێت بێدەنگ بین، ئێمە ناتوانین ئەو کوردانە دیپۆرت بکەینەوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هەڕەشەیان لەسەرە. ئەو شتەی چاوەڕێی دەکەین لە ئەوروپا ئەمەیە. ناتوانن هەم پشتگیری بکەن و هەمیش بێدەنگ بن. پێموایە ئەوروپا پێویستی بە بوێری سیاسی هەیە. بۆ فەرەنسا و ئەوروپاش کاریگەرە، ئەرکی ئەوانیشە کە بوێری سیاسی پیشان بە تورکیا بدەن."
'دەتوانرێت سزای تورکیا بدرێت'
ئان سۆیرس باسی لەوەکرد پێویستە لەبەرامبەرهاوکاریکردنەکاندا مەرج بۆ تورکیا دابنرێت و وتی: "ڕوونە پەیوەندییەکانی ئەردۆغان لەگەڵ ئەوروپا و فەرەنساش باش نیە. لەبەرئەمەیشە نایەوێت دەست بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازی، گوشار و گەمارۆ و سزادانی ئابووری ببات. بەدەر لە ئۆپراسیۆنی سەربازی دەتوانن سزای ئابووری بدرێت. بەڵام لە ئێستادا هیچ کەسێک ئەمە ناکات. ئەوەی دەمەوێت بێڵێم ئەوەیە دەتوانین ئەمە بکەین و هەلی ئەمەمان هەیە. ئەردۆغان پێویستی پێمانە، پێویستی بە پشتیوانیەکانمانە و ئێمەیش دەتوانین مەرجی بۆ دانێنین لەبەرامبەر ئەو پشتیوانیکردنانەدا. ئەوروپا دەرفەتی ئەوەی هەیە فشار لە تورکیا بکات. وە پێویستە ئەمە بکەین."
'پێویستە لە ڕژێمی ئەردۆغان ڕزگارمان ببێت'
ئان سۆیرس ئەوەی دیاریکردنی پێویستە کۆتایی بە ڕژێمی ئەردۆغان بهێنرێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لەبەرئەوەی لە تورکیادا هەڵبژاردن دەکرێت، ئەردۆغان بانگەشەی ئەوەدەکات کە ئەم ڕژێمەی ئێستا دیموکراسیە. بەڵام هەڵبژردن لە تورکیادا کێشەدارە. لە هەڵبژاردنەکانی کۆتاییدا بەڕیز ئەردۆغان ویستی دەست بەسەر شارەوانییە کوردییەکاندا بگرێت، ئەمەش لە ڕووی دیموکراسییەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. بۆیە پێویستە لەم ڕژێمەی تورکیا خۆمان ڕزگار بکەین."
'دیالۆگی سیاسی و دانوستاندن پێش مەرجن'
ئان سۆیرس لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا پرسی کورد تەنها بە دیالۆگ و دانوستاندن چارەسەر دەکرێت و وتی: "بەڕێز ئۆجالان لەو باوەڕەدایە کە لە دیالۆگ لەگەڵ تورکیادا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، پێشەنگایەتی بکات. منیش لەو باوەڕەدام پێویستە دیالۆگ ئەنجام بدرێت. نکۆڵیکردن لە مافەکانی گەلی کورد جێگەی قبوڵکردن نیە، کە لەمڕۆدا زۆر بەڕوونی ئەنجام دەدرێت. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هیچ دیالۆگێک لە گۆڕێدا نیە ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نیە. ئەوەی گرنگە ئەنجامدانی دیالۆگە. چ لە ژێر ناوی پەکەکە و یان بە هەر شێوەیەکی تردا بێت پێویستە دانوستاندن دەستپێبکرێت. ئەوروپا دەتوانێت لەم بابەتەدا نێوەندگیری بکات. ئەوروپا مافە بنەڕەتییەکان دەپارێزێت و دەتوانێت وەک لایەنی سێهەم ڕۆڵ بگێڕێت. پەرلەمانی ئەوروپا دەتوانن شاند بنێرن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەڕێز ئەردۆغاندا و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، گەر لە دوای ئەو هەنگاوانەوە هیچ گۆڕانکارییەک دروست نەبوو، ئەوکات دەتوانێت دەست بۆ سزای ئابووری ببات."