تولای حاتەم ئۆغۆللاری: وەرن دژی ئەو دەسەڵاتەی بودجە بۆ شەڕ خەرجدەکات، تێبکۆشین

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بە تریلیۆن بودجە بۆ شەڕ خەرجدەکات، گوتی: "بە درێژەدان بە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان، ناتوانن بگەنە ئەنجامێک".

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە چوارچێوەی کەمپەینی "نان و دادپەروەری" چووە ناوچەی ڕووبارۆکی جولەمێرگ، لە دەروازی سنووری ناوچەکە قسەی کرد و تیشکی خستەسەر کوشتنی نارین و داوای کرد ڕووداوەکە ڕوون بکرێتەوە.

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر بەردەوامیی شەڕی تایبەت لە کوردستان و جیاکاری دژی کورد،  ڕایگەیاند بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد، تا کۆتایی تێدەکۆشن.

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیادن بە کوشتنی خەڵکی مەدەنی باشووری کوردستان و توندکردنەوەی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنن. سیاسەتی دەرەوەی دەسەڵات بەتەواوەتی کورت بووەتەوە بۆ بەکارهێنانی درۆن، ئەم سیاسەتە ڕەتدەکەینەوە و دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئاشتییانە بێت.

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر گرنگی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کورد بۆ پشتیوانی و تێکۆشانی ڕێکخراوی گەلانی هەرێمەکە. بێجگە لە یەکێتی ڕێگەی تر نییە، ئەگەر ئاشتی نەبێت، دادپەروەری پێک نایەت، بۆیە ئەوەندە باسی یەکێتی دەکەین.