لە تورکیا ئاگر لە زۆربەی دارستانەکان کەوتەوە

سووتانی دارستانەکان لە تەکیرباغ، چاناکقەڵا و بۆڵو بەردەوامی هەیە، ئاگرەکە گەیشتە ناو ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان.

سووتانی دارستانەکانی دوێنێ لە ناوچەکانی قەیتانی گەڕەکی ئیستیقلالی ناوچەی شارکۆی تەکیرباغ بەهۆی ڕەشەباوە زیاتر بڵاوبووەوە. ئاگرەکە لە دەوروبەری گەڕەکی کزلجاتەرزی خێرایی بڵاوبوونەوەی زیادی کرد. بەهۆی چڕی دووکەڵەکەوە چوار هاووڵاتی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، دوێنێ چەند گەڕەکێک چۆڵکران و هەندێک خانووش لە ناوچەکە سووتابوون.

ئاگرەکەی ناوچەی شارکۆی تەکیرباغیش تاوەکو ناوچەی گەلیبۆڵوی چاناکقەڵا بڵاوبووەوە. تەواوی شەو ئاگرەکە بەردەوامی هەبوو و خۆی گەیاندە شارۆچکەی کاڤاککۆی ناوچەی گەلیبۆڵو. هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامن.

دوێنێ لە ناوچەی دارستانیی گوندی ناڵدۆکەنی ناوچەی ئایڤاجکی چاناکقەڵاش ئاگرکەوتەوە. بەهۆی ئاگرەکەوە سێ گوند چۆڵکران.

هەروەها هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ناوچەی مودورنوی بۆڵوش بەردەوامن. لە گوندی چامیوردو، ئاگر گەیشتە ناو ماڵەکان. هەندێک هاووڵاتی کە بەهۆی دووکەڵەوە باری تەندروستییان تێکچووبوو، لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە یارمەتیدران. بەگوێرەی زانیارییەکان هەندێک ئاژەڵ بەهۆی ئاگرەکەوە مردوون.

هەروەها هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی هەرێمی دارڤاسی ناوچەی دۆگانحیساری قۆنیا بەردەوامن.