حسێن یڵماز، بەرپرسی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە برلین سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و کوشتنی کەسانی مەدەنی وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە هەموو کاتێک گەیشتووەتە ئاستێکی جددیتر. بەتایبەت تیرۆری ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین بەهۆی ئەو توڕە بوونەیە لە گواستنەوەی ڕاستیەکانی ڕۆژئاوا بۆ ڕای گشتیی جیهان."
یڵماز شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد، نازم داشتان و جیهان بیلگینی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕ زانی و وتی: "ئەم کەسانە بێ چەک بوون. لە کاتێکدا ئەوان تەنها کامێرا و قەڵەمیان بەدەستەوە بوو و هەوڵیان دەدا ڕاستییەکان بۆ رای گشتی کوردستان و جیهان بگوازنەوە. ئەوان لە پێناو ڕاستیدا ئەرکی خۆیان بە ناوی مرۆڤایەتییەوە جێبەجێ دەکرد. تیرۆر کردنیان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی. تیرۆرکردنی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە پەیامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن. ئەوانەی ڕاستییەکانی ڕۆژئاوا دەنووسنەوە، دەبنە ئامانجی هێرشە سیستماتیکەکانی دەوڵەتی تورک. ئەمە تەنها هێرشکردنە سەر مرۆڤێک نییە، بەڵکوو ئەمە کۆمەڵکوژیی حەقێقەت و مرۆڤایەتییە. ئەمە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی شەڕە و بە توندی ئیدانەی دەکەم.'
یڵماز بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە لە ڕۆژئاوا تێکۆشانی بوون و نەبوون لە ئارادایە و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر دەستکەوتەکانی کورد جدییە، وتی؛ "بەرخۆدانی ڕۆژئاوا نەک تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی بەهیوای ئازادیە. ئەگەرچی لەم شەڕەدا بەهایەکی قورس دەدرێت. هەتا ئەمڕۆ لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ١٥ هەزار کەس شەهید بوون و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەمئەندام هەیە. ئەم تێکۆشانە مەزنە بە هەوڵ و فیداکاری بەشەکانی دیکەی کوردستان بەرهەم هاتووە."
"مۆدێلی ئازادی و ئاشتی پێشکەش کراو بە مرۆڤایەتی دەکرێتە ئامانج"
دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر دەستکەوت و ئیرادەی گەلی کورد و هیوای دیموکراتیک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەشەی کردووە. ئامانج تەنیا ڕۆژئاوا نییە. هەموو گەشەسەندنەکانی گەلی کورد و مۆدێلی ئازادی و ئاشتی دەکرێنە ئامانج. ئامانج لە ناوبردنی گەلی کورد و بەهاکانیەتی. شەڕێك کە بزووتنەوەی ئازادی کورد بەڕێوەی دەبات، تەنیا بۆ ناسنامەی کورد یان کوردستان نییە. بەڵکوو ئەم شەڕە بۆ ژیان و ئازادی و کەرامەتی هەموو گەلانی هەرێمەکەیە. کورد مۆدێلێک لە ژیانی خوڵقاندووە کە دەبێتە نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی. بەڵام وەک دەزانرێت لەم پروسەیەدا به توندی ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە گەنج، منداڵ و ژن بە ئامانج دەگیرێن.
گرنگ نییە گەلەکەمان خاوەن چ ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ و ڕوانگەیەکی سیاسیە، تەنها شتێک کە ئەمڕۆ دەبێت بیکەین، دەستەبەرکردنی یەکێتی نەتەوەییە. دوژمنانی کورد بۆ لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانمان یەکیان گرتووە. تەنانەت لە ئاسمانیشدا ئەگەر دەستکەوتێکی کورد هەبێت، بەئامانج دەگیرێت. پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەموو پێکهاتەکانی گەلی کورد؛ ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە ناکۆکیەکانمان وەلانێین و لە دەوری شۆڕشی ڕۆژئاوا یەکبگرین. پێویستە هەموو کوردان لە هەر شوێنێکی جیهاندا کە دەژین بە ڕۆحێکی یەکێتیی نەتەوەییەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە و لەم قۆناغە هەستیارەدا پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکەن.
لە دەستدانی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانی بە واتای لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی گەلی کوردە. هەرجۆرە هەڵوێست و خاوەنداریەک لە ئەمڕۆدا، داهاتووی گەلی کورد دیاری دەکات و هەرجۆرە سەیرکردنێک و بێدەنگییەک بەواتای هاوبەشیە لە تاوان دژی گەلەکەمان. بۆیە پێویستە هەموومان لە بوارە جیاوازەکاندا یەکبگرین و دەنگمان بەرز بکەینەوە. یەکگرتوویی کورد نەک تەنیا بۆ گەلی کورد نییە، بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیوایەکی گەورەیە."