یەجەوەکە لە مێرسین دژی داردەست و ھاوکارەکان چالاکی ئەنجام دا

یەکێتی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان (یەجەوەکە) ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و بەرپەرچدانەوەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، دوو چالاکیمان لە دژی داردەست و ھاوکارەکان لە مێرسین ئەنجامدا.

یەکێتی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان (یەجەوەکە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم و بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دوو چالاکیمان لە دژی داردەست و ھاوکارەکان لە ناوچەی ئاکدەنیزی سەر بە مێرسین ئەنجامدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەجەوەکەدا هاتووە: "رۆژی ٦ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر ٢١:٤٠ لە ناحیەی ئاکدەنیزی سەر بە مێرسین، لە دژی کارگەی ڕیسایکلینی ئالپەرەن، کە هاوکاری هێزەکانی دوژمن دەکات، چالاکییەک ئەنجامدرا و کارگەکە لەناوبرا. هەروەها ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر ٢٢:١٠، لە گەڕەکی چیلەکی ناوچەکە، بارهەڵگری کەسێک بە ناوی حسێن بۆزکور کە هاوکاری مەهەپە دەکات، سوتێندرا".

ڕوونیشکراوەتەوە، هەردوو چالاکییەکە لە دژی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ئەنجام دراون، ھاوکات یەجەوەکە جەختیشیکردووەتەوە، "پێویستە هەمووان بزانن، تا ئەو کاتەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ کۆتایی نەیەت و چەتە فاشیستەکانی داگیرکەر خاکی کوردستان بەجێنەهێڵن، چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن و لە سەرتاسەری کوردستان و گەورە شارەکانی تورکیا بەرپەرچی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ڕۆژئاوا دەدەینەوە".