لە ئەڵمانیاوە پەیام دەربارەی ڕۆژئاوا
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالیانا بیربۆک دەربارەی هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هۆشداری دایە دەوڵەتی تورک و گوتی: "لە شەڕی دژی کورد، داعش سودمەند دەبێت و سودی بۆ کەس نابێت".
بەگوێرەی هەواڵی (DW) ئەنالیانا بیربۆک ڕایگەیاندووە ئەم شەڕە دەبێت هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سوریا و تورکیا و ئەوروپا، دەبێت خاکی سوریا بپارێزرێت، گوتی: "نابێت وەک ئێران و ڕوسیا، جارێکی تر لایەنە سیاسییەکان فێڵ لە وڵاتەکە بکەن".
وەزیرەکە جەختی کردووەتەوە کوردەکان ڕۆڵی مەزنیان هەبووە لە شکاندنی داعش لە سوریا و نابێت توندوتیژی بەرامبەر کوردان بەکاربهێنرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پەیامی "هەموومان بەرپرسیارین بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی و سەرهەڵدانی هێزی ڕادیکاڵی نوێ".
بیربۆک تیشکی خستووەتە سەر کۆمەڵکوژییە دڕندانەکانی تیرۆریستانی داعش دژی کوردان و گوتی، تێکۆشانی کۆبانێ بووەتە "سیمبولی شەڕی قارەمانانەی کورد دژی داعش".