لێدوانی ئەردۆغان لە بارەی پڕۆسەکەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکەپە ئاماژەی بەوەدا کە هەفتەی داهاتوو دیدار لەگەڵ شاندی ئیمڕالیدا دەکات و باسی لەوە کرد، پڕۆسەکە بە وردی بەڕێوەدەبەن.

سەرۆکی ئاکەپە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئازەربایجان لە فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە.

ئەردۆغان ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ ئەندامانی شاندی ئیمڕالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدان و مەدحەت سه‌نجار دیدار دەکات. ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی نوێنەرانی ئاکەپە ئەفکان ئاڵا و سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵنیش بەشداریی لە دیدارەکەدا دەکەن.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بڕیاری چەکدانانی پەکەکە جێبەجێ بکرێت، پڕۆسەکە خێرا دەبێت و وتی، "دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان بەوردی بەدواداچوون بۆ هەر هەنگاو جوڵەیەک دەکەن و هەنگاوی پێویست دەنێن. ئێمە ناتوانین ئەم پڕۆسەیە بە هەڵپەسێردراوی بهێڵینەوە و ڕێگەش بە گێرەشێوێنی نادەین. ئێمە بە وردی کاردەکەین، بە متمانەوە بەرەوپێش دەچین."