ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە گەنجانن
ئێشکگریی ئازادی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەردەوامە و چالاکییەکە ئەم هەفتەیە لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەدەچێت.
ئێشکگریی ئازادی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەردەوامە و چالاکییەکە ئەم هەفتەیە لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەدەچێت.
ئێشکگریی ئازادی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لە ٩هەمین ساڵدایە و ئەم هەفتەیە چالاکییەکە لەلایەن دەستەیەک لە گەنجان بەڕێوەدەچێت، کە لە شاری پاریسەوە هاتوون بۆ ئێشکگریی ئازادی. گەنجان ٤٥١هەمین هەفتەى چالاکییەکەیان وەرگرت و داوایان لە هەموان کرد، کە لە ساڵیادی پیلانگیڕێی نێونەتەوەیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان و گۆڕەپانەکان.
ئێشکگریی ئازادی لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکردووە و لەلایەن کوردان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا بەڕێوەدەچێت.
شوێنی چالاکییەکە لە بەردەم بینا و بارەگاکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، ئەنجوومەنی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا و کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی) بەڕێوەدەچێت. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیش پێکهاتوون لە عەباس ئوجا، ئۆزگور ئاسلان، تانوس تەک و رۆنی یورتسەڤەر.
گەنجە ئێشکگرەکانی ئەم هەفتەیە داوایان لە رێکخراوەکانی ئەوروپا کرد، کە بۆ کۆتایهێنان بە ئەشکەنجەى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد گوشار لە تورکیا بکەن.
ئۆزگور ئاسلان بە ناوی دەستە ئێشکگرەکەوە رایگەیاند، بە دیلکردنی رێبەری گەلێک ئەو گەلەش دیلکراوە و راشیگەیاند، بە ناوی گەنجانی کورد، تاوەکو ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوام دەبن لە تێکۆشان. ئاسلان باسی ئەوەیکرد، لە رێگەى پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دەیانخواست تێکۆشانی ئازادی و دادپەرەوەریی گەلی کورد پاکتاو بکەن، بۆیە داوای لە هەموو کوردان کرد، کە لە ٢٢هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیەدا راپەڕن و داوای ئازادی بەرز بکەنەوە.
ئاسلان وتیشی، "رۆژی رەشمان ئەو رۆژەیە، کە رێبەرمان لە پیلانگێڕییەکدا رادەستی تورکیا کرا" و سەرنجیشی خستەسەر، گرنگریی سەرخستنی کەمپەین و هەڵمەتی ئازادیی ئۆجالان.
ئێشکگریی ئازادی لە کاتژمێر ٠٨:٣٠ی بەیانیەوە تاوەکو ١٧:٠٠ی ئێوارە هەموو رۆژێکی هەفتە لەلایەن کوردانەوە بەڕێوەدەچێت و درێژ ماوەترین چالاکیی کوردانە لە ئەوروپا و ماوەی ٩ ساڵە ئەو چالاکییە بەردەوامە.
ژ.ت