ژنانی باشووری کوردستانی دەرەوەی وڵات سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی و داخستنی دەروازەی سمێڵکا ڕاگەیانداراوێکیان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا بە ڕووخانی ڕژێمیی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی سووریا دروست بوو.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "کاتێک کە ڕژێمی سەربازی و دەسەڵاتداری بەشار ئەسەد ڕووخا، بینیمان کە تیرۆریستانی دەوڵەتی تورک هێرشیان کردە سەر هێزەکانی قەسەدە و هەزاران کەسی مەدەنی کۆچبەر لە کەمپی شەهبا زیادی کرد. وەک دەزانن هێرشەکان لەسەر ئیدارەی دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵآتی سووریا و قەسەدە بەردەوامە. هێزەکانی یەپەگە و قەسەدە لە بەرانبەر ئەو بەرخۆدانێکی بێ وێنە ڕابەری دەکەن".
پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکی هەمووکەسێکە
ڕاگەیاندارەکە بەمجۆرە بەردەوامبوو: "شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا هێڵی سوورمانە. پاراستنی دەستەکەوتەکانی دیموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکی هەمووکەسێکە. وەک چۆن بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ ڕژاینە تەواوی گۆڕەپانەکانی جیهان، دەبێت بەهەمان ڕۆح و هەست بۆ کۆبانێ ڕاپەڕین. ئەم مۆدێلی دیموکراسی بە شۆرش، ڕۆحی ژنانی ئازاد و دەستەکەوتەکانی ئازادی ژن و نەتەوەی دیموکراتیک دروست بووە. ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تیرۆریستانی بۆ ئەوەی دەستەکەوتەکانی ڕۆژئاوا لە ناوببەن هێرشی قڕکردنی دەست پێکردوە".
'دەبێت دەستبەجی دەروازەی سمێڵکا بکەنەوە'
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەم بانگەوازە کرا: "ئێمە وەک ژنانی باشووری کوردستان لە دەرەوەی وڵات بانگەواز لە ڕای گشتی دەکەین کە بەرانبەر بە هێرشی تیرۆر و قرکردنەکانی دەوڵەتی تورک کە بۆ سەر گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت هەڵوێست نیشانبدەن. هەوڵەکان بۆ بە فەرمی ناساندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەردەوامە. لە کۆتاییدا بانگەواز لە هەموو گەلی باشووری کوردستان و بەتایبەت ژنانی باشووری کوردستان دەکەین کە دەنگی خۆیان بڵند بکەن. داواکارین دەستبەجێ دەروازەی سمێڵکا بکرێتەوە بۆ ئەوەی هاوکاری دارایی بگاتە خوشک و براکانمان لە کوردستان".