ژنانی باشور: پێویستە فشارەکان بۆ رێگریی لە جینۆساید لە رۆژئاوا چڕبکرێنەوە

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی وترکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، رێکخستنی ژنانی باشوری کوردستان لە دەرەوەی وڵات، داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ رێگریی لە جینۆساید لە رۆژئاوا دەکەن.

لە راگەیەندراوێکدا رێکخستنی ژنای باشوری کوردستان لە دەرەوەی وڵات لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا  و ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری رایگەیاند: " پاراستنی ئەو دەستکەوتە دیموکراتیکە ئەرکی لە پێشینەی هەر یەکێکە لە ئێمەی ژنانی باشوری کوردستان لە دەرەوەی وڵات."

داواشیان کردووە، هاوشێوەی کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ و ئەو کاردانەوە فراوانەی لەسەر ئاستی جیهان نیشاندرا، ئەمجارەش لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەمووان لەسەرتاسەری جیهان هەڵوێست نیشان بدەن و بڕژێنە شەقامەکان.

جەختیشکراوەتەوە، کە پێویستە فشارەکان بە مەبەستی راگرتنی هێرشە داگیرکەرییەکان و رێگری لە جینۆسایدی چاوەڕێکراو لە رۆژئاوای کوردستان، چڕبکرێنەوە.  

هەروەک داواشکراوە، کە پشتیوانیەکان بە ئاراستەی ئەوەدابن کە نەتەوەیەکگرتووەکان بە فەرمی دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا بنێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی رێکخستنی ژنانی باشووری کوردستان لە دەرەوەی وڵات:

بۆ ڕای گشتیی :

ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی بەشار ئەسەد و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەکۆمەڵگەی سوریا هاتوەتە پێشەوە ، چەندە دڵ خۆشکەربێت کە بەشاری دیکتاتۆر لەسەر کار و دەسەڵات کۆتایی پێهێنرا، بارتەقەی ئەوە دەبێت هەستیاری و بەرپرسیاری لە ئایندەی سازکردنەوەی هەیکەلی حکومڕانی و بەڕێوەچوونی ڕێکخستنەوەی یەکەکانی ژیانی نەتەوەو پێکهاتەکان و رێساکانی ژیانی هاوبەش و بەهرەداربوون لەماف و ئازادیەکانی سەرجەمیان بسەلمێنرێت. لەگەڵ ساتەکانی داڕوخانی سیستەمی سەربازی و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، چەتە مرۆڤ کوژو تیرۆریستەکانی دەوڵەتی تورک پەلاماری خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی قەسەدەیان دا، بونە ترسێکی گەورە لەسەر ژیانی هەزاران کەس لەگەلی ئێمەی سڤیل و ئاوارەکانی کەمپەکانی شەهباو ئەو هەرێمە.

وەک هەموو ئاگادارن تا ئەمڕۆ ئەو هێرش و پەلاماردانە بۆسەر خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکورو ڕۆژئاوای سوریاو قەسەدە بەردەوامە.

گەلی ئێمەی ئازادیخواز ! دەزانن لە ٢٠١٢ەوە ڕۆژئاوای کوردستان بەخوینی کچان و کوڕانمان توانرا خۆسەریەکی دیموکراتی  لە رۆژئاوای کوردستان پێکبێت. پاراستنی ئەو دەستکەوتە دیموکراتیکە ئەرکی لە پێشینەی هەریەکیکە لە ئیمەی ژنانی باشوری کوردستانە لە دەرەوەی وڵات.

 ئیمە وەک چۆن بۆ کۆبانی لەسەر پێ بویین و بەڕۆحی بەرخۆدانی کوبانی شەقامەکانی ئەوروپاو ئەمریکاو کەنەداو هەموو دنیامان بەخەبەر هێنا ، ئیستاش بەهەمان ڕۆح و هەستی بەرخۆدانی کوبانی دەبێ لەسەر پین.

 ئەم مۆدیلە دیمۆکراتیە کەهاتۆتە بەرهەم و مافی هەموو کەسیکی تیدا پاریزراوە، بەشۆڕش و ڕۆحی ژنی ئازاد خۆی تۆمار کردوە و دەسکەوتەکانی ئازادی ژن و وەک هەڤی و ژینگەپارێزی و بنیات نانی نەتەوەی دیموکرات  دەبی وەک هەناسەی خۆمان تەماشای بکەین و بپاریزرین

ئیستا دەولەتی داگیرکەری تورک و چەتە تیرۆرستەکانی چاویان بەم پێشکەوتنە هەڵنایەت و دەیانەوێ جاریکی تر و بەرەنگیکی تر  ئەو دەستکەوتە گەورەیە لەناو ببەن وئامانج لێی قرکردن ولەناوبردنی گەلی کوردو پێشکەوتنەکەیەتی، هەروەها  چەند لە کچان و ژنانی کورد رفێندراون لەلایەن ئەو هیزە تیرۆرستیانەوەو  گەلی ئەو هەرێمانەی دەوری شاری کوبانی گەمارۆ دراون .ئیستاش چارەنوسی  خەڵکی ئەو هەرێمە دیار نیە چی دەبێت و تا یەک هەفتە ئاگر بەست راگەیەندراوە .  ئەوەی رون و ئاشکرایە بۆ هەرکەس پلانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەتی کە دەخوازن هێرش و شەڕێکی ماڵوێرانکەر و نامرۆڤانە بخولقێنن ؛بۆیە ئیمە وەکو ژنانی باشوری کوردستان لەدەرەوەی وەڵات داوا لە رای گشتی دەکەین کە بەزووترین کات  فشارێکی گەورە بکەن تا ئەم شەر و جینۆسایدە چاوەڕوانکراوە بوەستینن و ئەوجەنگە تیرۆرستانەیەی دەوڵەتی تورک  ڕاگرن لەسەر گەلی ئیمە . بەشداری هەموو ئێمەی گەلی ئازادیخوازی کوردو ژنان بەتایبەتی دەتوانین هەم پشتیوانی بەهێزی بەرخۆدانی ڕۆژئاواو کوبانی بین هەم ڕۆڵی ئێمە لە فشار کردن بۆ ئازادکردنی دیلەکان و هەروەها کۆکردنەوەی هاوکاری مادی و مەعنەوی بۆ گەلی کورد لەرۆژئاوا.

هەوڵەکان بەو ئاراستەیە کە دانپێدانانی رەسمی بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکورو ڕۆژئاوای سوریا لەلایەن نەتەوە یەگرتوەکانەوە.

لەکۆتایدا داوا لەهەموو گەلی باشوری کوردستان دەکەین بەتایبەت ژنان دەنگتان بخەنە پال دەنگی ئیمەو دژی ئەو شەروداگیرکاریە بوەستنەوە. داواکارین بەزوترین کات دەرگای سێمێلکا بکرێتەوە تا هاوکاریە مادیەکان بگەیەنرێتە خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان.