زیندانیانی سیاسی لەپێناو پەخشان عەزیزیدا بانگەوازێکیان راگەیاند

پێنج زیندانی سیاسی لە گرتووخانەی قزلحەساری کەرەج لە دژی پەسەندکردنی سزای لە سێدارەدانی ژنە زیندانی سیاسی پەخشان عەزیزی، داوایان لە سەرجەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ کرد دەستبەجێ کاربکەن بۆ ئازادکردنی پەخشان عەزیزی.

پێنج زیندانیی سیاسیی لە زیندانی قزلحەسار لە کەرەج  بە ناوەکانی؛ سەعید مەسوری، سپێهر ئیمام جومعە، محەمەد شافعی، میسام دێهبانزادە و لوقمان ئەمین پوور لەبارەی پەسەندکردنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە زیندانی ئێڤین ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ڕژێمی ئێران لە لێواری ڕووخاندایە و پەنا دەباتە بەر لەسێدارەدان و کوشتنی چالاکوانان و ئازادیخوازان بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی ترساندن و تۆقاندن لە ناو هاوڵاتییان، رژێم پێیوایە بە کوشتن و لەسێدارەدان، دەتوانێت خەڵک بترسێنێت و ناچاریان بکات بێدەنگ بن."

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، جگە لە پەسەندکردنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ٥٠ زیندانیی سیاسیی دیکە مەترسی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ئەو پێنج زیندانییە سیاسییە لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێن: "داوا لە هاوڵاتیان دەکەین هەرچی لە توانایاندا بێت بیکەن و داوا لەسەرجەم ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ و ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەژکان لە ئێران دەکەین بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەخشان عەزیزی و زیندانیانی دیکەی سیاسیی."