ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەپێناو تشرین بانگەوازی کرد

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بانگەوازی لە هێزە نێونەتەوەییەکان کرد هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین بوەستێنن و ژیانی خەڵکی سڤیل و ناوەندەکانی ژیان بپارێزن.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی مەترسی سەر بەنداوی تشرین و زیادبوونی مەترسییەکانی ڕووخانی بەنداوەکە بەهۆی تۆپبارانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە پەیامێکی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ـی کانوونی ٢٠٢٤ـەوە گرووپە چەتەکان کە پشتگیریی لە دەوڵەتی تورک وەردەگرن هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری، فڕۆکە جەنگیی و بێ فڕۆکەوانەکان ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوەکە بۆردوومان دەکەن، لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان ئەنجوومەنی سەربازی منبج، هێزەکانی قەسەدە و گرووپەکانی بەناوی سوپای نیشتمانی سووریا ڕوویدا."

هەروەها دەڵێت: "هێرشە توندەکان کە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گرووپەکانییەوە دەکرێن، مەترسی لەسەر ئاسایشی دامەزراوەی بەنداوی تشرین زیاد کردووە و دیسان مەترسییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی سەدان هاوڵاتی سڤیل لە ناوچەکە دروست کردووە، ئێمە هۆشداری دەدەین کە هەر هێرشێک لەسەر بەنداوەکە، یان ڕووخانی، دەبێتە هۆی کارەسات و هەڵسانی لافاوی بەرفراوان، زیانی مرۆیی گەورە، وێرانکردنی ژێرخان و زیانێکی گەورەی ژینگەیی".

هەروەها جەختکراوەتەوە ڕووخانی بەنداوەکە نەوەک هەر لەسەر خەڵکی سڤیل، بەڵکو کاریگەری وێرانکەری دەبێت لەسەر تەواوی هەرێمەکە و ژێرخانی خزمەتگوزاری و موڵکی گشتی و تایبەت، بانگەوازدەکات بۆ دەستوەردانی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەڵێت: "ڕاگرتنی کردەوە هێرشکاریی و قڕکەرییەکانی و دڵنیاکردنەوەی پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان و ناوەندە ژیانییەکان" هەروەها داوای ئاگربەستێکی بەرفراوان لە سەرانسەری خاکی سووریا دەکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی.

لەکۆتاییدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هیواخوازە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە پەیوەندیدارەکان، دەربارەی سەختی ڕەوشی هەرێمەکە هۆشیاربن، داوای کرد ڕێگری بکرێت لە کارەساتێکی هەرێمی لە ئەگەری ڕووخانی بەنداوی تشرین کە ئەمەش زیان بە ملیۆنان مرۆڤ دەگەیەنێت.