حکومەتی تاڵیبان بەردەوامە لە چەوساندنەوەی ژنان

حکومەتی تاڵیبان بڕیارەکانی دژ بە ژنانی زیاترکردووە و لە بڕیارێکی نوێیدا ٩١ ژنە ڕۆژنامەوان و ١٢٠ مامۆستای ژنی لە کارەکانیان دوورخستەوە.

ماڵپەری دەنگی ژنانی ئەفغانستان بڵاوی کردەوە، لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە ٩١ ڕۆژنامەنووسی ژن لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی لە كارەكانیان دوورخرانەوە. هەروەها چالاکوانانی ژن ئاماژەیان بەوەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی تاڵیبان ١٢٠ مامۆستای ژنی له باخچەکانی ساوایانی شاری كابووڵ لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە.

ماڵپەری دەنگی ژنانی ئەفغانستان بڕیاری دەرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژنی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە شەرمەزار کرد و گوتی: " ئەو هەنگاوەی تاڵیبان نادادپەروەرانەیە و ئەو کەسانە مووچەی دوو مانگیان پێنەدراوە."

لەبەردەوامییدا ژمارەی ژنە دوورخراوەکان خراوەتەڕوو و هاتووە: "لەلایەن تاڵیبانەوە ٩١ ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ژن لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی لە كارەكانیان دوورخرانەوە."

پرۆسەی دوورخستنەوەی کارمەندەکانی حکوومەت لەلایەن تاڵیبانەوە لەدوای بڕینی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان دەستی پێکرد، بەڵام چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن تاڵیبان زیاتر ژنان بە ئامانج دەگرێت، ڕۆژی ڕابردوو ١٢٠ مامۆستای ژن له باخچەکانی ساوایانی شاری كابووڵ لە کارەکانیان دوورخرانەوە.