"داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێین"
لە پەراوێزی کۆنگرەی هاوپەیمانی نەدا، سێ چالاکوان جەختیان کردەوە کە گفتوگۆکانی ئەم کۆنگرەیە تیشک دەخاتەسەر ڕاستی ژنان لە ژێر دەسەڵاتە پاوانخوازەکان و ئەو ئازارانەی ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە پەراوێزی کۆنگرەی هاوپەیمانی نەدا، سێ چالاکوان جەختیان کردەوە کە گفتوگۆکانی ئەم کۆنگرەیە تیشک دەخاتەسەر ڕاستی ژنان لە ژێر دەسەڵاتە پاوانخوازەکان و ئەو ئازارانەی ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
هاوپەیمانی نەدا بەدروشمی "لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک"، یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی لە شاری سلێمانی بە بەشداری ٢٠٠ ژن لە ١٨ وڵاتی ناوچەیی و ئەفریقا و ئاسیا لە ١٥ی ئایار دەستپێکردو ئەمڕۆ بە هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
لە کۆنگرەی هاوپەیمانی نەدا باس لە پرسە هاوبەشەکان و ئازارەکانی ژنانی ئەفغانستان، ئێران، کوردستان، فەڵەستین و ناوچەکانی دیکەی جیهان کرا. چالاکوانان باسیان لەو دۆخە ستەمکارە کرد کە ژنان لەژێر دەسەڵاتە پاوانخوازەکاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، گرنگی ڕێکخستنێکی دەستەکۆمەڵەی بۆ ئایندەیەکی بەردەوام و ئازاد کردەوە.
'ئەم کۆنفرانسە ڕێگەمان پێدەدات داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێین'
نعمات کوکو محەمەد ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی نەدا، لە سودانەوە سەفەری بۆ سلێمانی کردووە و بەشداری کۆنگرەی ژنانی بووە، ڕاشیگەیاند کە دڵخۆشە بە بینینی کوردستان و وتی: "سوپاستان دەکەین کە ئەم دەرفەتەتان پێدام، من لە سودانەوە هاتووم و ئەمە یەکەمجارە دێم بۆ کوردستان، من یەکێکم لە ئەندامانی دامەزرێنەری هاوپەیمانی نەدا، زۆر خۆشحاڵم کە ئاشنای سلێمانی و کولتوری کوردستان بووم، لە هەمان کاتدا دڵخۆشم کە لێرەدا چەندین هاوڕێ و ژنە تێکۆشەرم ناسیوە کە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە هاتوون، ئەم کۆنفرانسە ڕێگەمان پێدەدات هەموو ئەو پێشکەوتنانەی ژنان بەدەستیان هێناوە کۆبکەینەوە و داهاتوویەکی باشتر بنیات بنێین، لە زۆر شوێنی جیهان شەڕ و قەیرانی تێدا ڕوودەدات، ئێمەش ئەو بابەتانەمان تاوتوێ کردووە، کێشەی هاوبەش زۆر هەبوون و باسمان لە چارەسەرەکانیان کرد، رێز ئەگرم بۆ خۆڕاگری ژنانی کوردستان و سوریا و تورکیا و فەلەستین و عێراق، چەندین نموونەی بەرخۆدانیان پێشکەش کردین، ئەوان پڕۆژەی بەهێزیان بۆ بنیاتنانی نەتەوەیەکی دیموکراسی پێشکەش کرد کە لە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالانەوە سەرچاوەی گرتووە."
'دەبێت پێکەوە خەبات بکەین'
خلدات حوسێن بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی دێموکراتی فەلەستین ،ڕایگەیاند کە ئەم کۆنگرەیە بۆ یەکڕیزی خەباتی ژنان زۆر گرنگە و داوای لە هەموو ژنان کرد بە یەکگرتوویی خەبات بکەن و وتی: "بێگومان ئێمە بۆ دۆزی فەلەستین دەژین و خەبات دەکەین، گرنگی ئەم کۆنگرەیە ئەوەیە کە زەمینە خۆش دەکات بۆ خەباتێکی هاوبەش بۆ ژنان لەسەر ئاستی هەرێمی، لە هەمان کاتدا ژنان دەکاتە مایەی هێز و متمانە لەسەر ئاستی هەرێمی، خەباتێکی گرنگە بۆ ئەوەی ژنان ببنە ئەندامی دانەبڕاو لە کۆمەڵگادا، سەرەڕای شەڕ و واقیعی ئەو دۆخەی کە کورد خۆی تێدا دەبینێتەوە، هەمیشە پێشکەوتن هەیە، ژنانیش سەرکردایەتی دەکەن، پەیامی من بۆ هەموو ژنان ئەوەیە کە دەبێت پێکەوە خەبات بکەین بۆئەوەی بەرەو پێشەوە بچین".
'ئێمە وێنەیەکی نوێ بۆ ئایندەیەکی نوێ دروست بکەین'
لەیلا کامیل، کە لە سۆماڵەوە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردووە، باس لەوە دەکات کە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئێمە نموونەیە و دەڵێت: "من لە سۆماڵەوە هاتمە ئەم کۆنفرانسە بۆئەوەی دەنگی ژنانی سۆماڵ بخەمە سەر مێزی کۆنگرە، تێبینەکانیانی ژنانی سۆماڵ-م بۆ ژیان لەگەڵ خۆم هێناوە، بۆئەوەی بتوانین وێنەیەکی نوێ بۆ ئایندەیەکی نوێ و ئارام دروست بکەین لەڕێگەی یەکگرتوویی ژنان لەم کۆنگرەیەدا، هەستێکی زۆر خۆشە کە ئێمە بەشداریمان کردووە و زۆر گرنگە، (دۆخی ژن لە سۆمال زۆر خراپە) پرسی مافی ژنان لە سۆماڵدا لەدەست ناچێت، بوونی ئێمە لێرە جیاوازی دروست دەکات، باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێکەوە ژیان کردنیان بەدەستهێناوە کە نزیکەی یەکسانە و ئێمە خەبات و خۆڕاگری ئەوان بە نموونە بۆ خۆمان دەگرینەبەر، سوپاسی کۆنگرە و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بەشداریان لەم کۆنگرەیەدا کردووە بۆ ئەم دەرفەتە نایابەی پێیان بەخشیوین".