لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنگرەی هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی لە سێیەم ڕۆژیدا بەردەوامە و کەمێک پێش ئێستاش دانیشتنی یەکەم لە ڕۆژی سێیەمدا بە ناونیشانی “پێرفۆرمانسی هاوپەیمانی نەدا” بەڕێوەچوو.
لەم بەشەی کۆنگرەکەدا بە ناونیشانی پێرفۆرمانسی هاوپەیمانی نەدا، لەلایەن دیوان “دکتۆر ئانجێلا ئەلموعەمەری-دکتۆر حیبە حەدادین-سەوا گیدا” ڕاپۆرتی نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٥ هاوپەیمانێتی نەدایان خوێندەوە، کە تێیدا ئاماژە بە دەیان چالاکی جۆراوجۆر وەک (سیمینار، دیدار، کۆنفرانس. پانێڵ و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو و سەردان) کرا.
لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لەوە کرابوو، کە ئەو چالاکییانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ژنان بۆ ئازادی و یەکسانی و کۆتاییهێنان بە عەقڵییەتی پیاوسالاری و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنان و پێکهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیان بە دەستپێشخەریی ژنان لە هەرێمەکەدا ئەنجامدراون.
هەروەها خاڵە کەموکوڕی و لاوازەکان لە ڕەوتی کاری هاوپەیمانی نەدا و ڕێگاکان و میکانیزمەکانی تێپەڕاندنی کۆسپ و بەربەستەکان خرانەڕوو.
ئامانجی کۆنگرەکە؛ پەرەدان و بەرفراوانکردنی تێكۆشانی ژنان
هەروەها هەڵسەنگاندنی پێرفۆرمانسی هاوپەیمان نەدا لە نێوان بەشداربووانی کۆنفرانس بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانییەوە کرا و تێیدا بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە تێکۆشانی ژنان لە دوای ئەم کۆنگرەیەوە بەرفراوانتر بکرێتەوە و بە جددیتر کار لەسەر پرسەکانی ژنان بکەین، هەروەها تێکۆشانمان تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا نەبێت، بەڵکو بە جیهانی بکەین.
لە ١٥ـی ئایار، لە هۆتێل هایکرست لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستان، بە درووشمی “لەسەر بنەمای شۆڕشی ژنان، بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک” یەکەمین کۆنگرەی دوای دامەزراندنی هاوپەیمانی نەدا (هاوپەیمانی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی) دەستی پێکرد و ئەمڕۆ لە سێیەم ڕۆژدا بەردەوامە.
هاوپەیمانیی نەدا (هاوپەیمانیی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی)، تۆڕێکی هەرێمی ژنانە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، زیاتر لە ٢٠٠ ڕێکخراو و تۆڕ و کەسایەتی ژنان لە ١٨ وڵاتی جیاواز لەخۆ دەگرێت.