پرسەکەی کۆڵن کۆتایی هات: درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین

پرسەکەی کۆڵن بۆ کادرانی پێشەنگی پەکەکە کۆتایی هات، پەیامدرا: "ئێمە وەک ئەویندارانی هەقیقەتی ئەوان، خاوەنداری لە یادەوەرییان دەکەین و درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین".

ئەو پرسەیەی لەلایەن بنەماڵەی کادرانی پێشەنگی پەکەکە عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتونەوە دانرابوو، لە شەشەم ڕۆژدا بەردەوام بوو. کوردستانیان و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران، لەنێویاندا سەرۆکی فەخری هەدەپە، ئەرتوغرول کورکچو، وە هاوڕێیانی تێکۆشانی قەیتان و ئاڵتون بەشداری مەراسیمەکە بوون لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کۆڵن.

چالاکییەک بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستی پێ کرد.

سۆرۆ: ئێمە بووینە ئەوینداری ئەو هەقیقەتەی کە ئەوان نیشانیان دا

سیاسەتمەدار سەڵاحەدین سۆرۆ ڕایگەیاند هەرچی لەبارەی شەهیدانەوە بگوترێت هێشتا کەمە، گوتی: "ئەم ڕێگەی هەقیقەتە ٥٢ ساڵ بەردەوام بوو. دەبێت ئەم هەقیقەتە ببینرێت. ئەمە ڕێگەی ڕێبەر ئاپۆیە. هەڤاڵ فوئاد لە هاوڕێ سەرەتاییەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەو دژی زوڵم و نکۆڵی و پاکتاو، ڕێگەی تێکۆشانی کردەوە. ئەگەر ئەمڕۆ ئەم هەقیقەتی تێکۆشانە پێشکەوتووە و کاریگەری لە تەواوی جیهان کردووە، ئەم هەقیقەتە میراتی ئەوانە".

سۆرۆ ڕایگەیاند ئەو تۆوەی ساڵی ١٩٧٨ چێنرا، گۆڕاوە بۆ هەقیقەتێک لە تەواوی جیهاندا هەزاران شۆڕشگێڕ شوێنکەوتەی هەیە، گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ و هاوڕێیانی تەنها هەنگاویان نەنا، بەڵکو لەو شوێنەی هەنگاویان نا، بوون بە ڕێگە. هێڵێکی ئایدۆلۆژیی نوێیان بنیاتنا. ئاسۆی تێکۆشان و شۆڕشیان فراوانتر کرد. ئێمە خوێندکاری ئەوانین، ئێمە ئەوینداری هەقیقەتی ئەوانین".

"ئێمە لەبەردەم تێکۆشانێکی نوێداین"

سۆرۆ تیشکی خستەسەر بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە، ڕایگەیاند هەرگیز دەست لە تێکۆشان هەڵنەگیراوە، بەگوێرەی سەردەم و هەلومەرجی ئێستە، ڕێگە و سیاسەتی نوێ پێشخراوە، گوتی: "ئێستە بە سیستەم و تێگەیشتنێکی نوێوە لەبەردەم پرۆسەیەکی تێکۆشانی نوێداین. ئێمە بەو میراتەی کە ئەوان جێیان هێشتووە، ئەم تێکۆشانە مەزنتر دەکەین".

ئەندامی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە_ئە) سۆنگول ئۆمورڤان، ڕایگەیاند یادکردنەوەی هەردوو هەڤاڵە پێشەنگەکە بەرپرسیارێتی هەمووانە، گوتی: "هەڤاڵ ڕەزا و عەلی حەیدەر قەیتان نموونە بوون بۆ هەوڵدان بۆ هۆشیاری و نوێبوونەوە و ئازادی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. هەموو ژیانیان کردە فیدای ئازادیی کوردستان. هەرگیز ڕادەستبوونیان قبووڵ نەکرد و ژیانیان سیمبولی بەرخۆدان و هەقیقەت بوو".

مەراسیمەکە بە چالاکی و بەرزکردنەوەی درووشمی "شەهید نامرن" و دابەشکردنی شیرینی کۆتایی هات.

بەرنامەی یادکردنەوەی جەماوەریی سبەینێ

سبەی کاتژمێر ١٢:٠٠ لە ناونیشانی (Gewerbegebiet Pesch 12A, 50767) لە کۆڵن بۆ یادکردنەوەی کادرانی پێشەنگی پەکەکە عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتون، مەراسیمێکی جەماوەری ئەنجام دەدرێت.