مەریەم یەحیەوی: ناوی پەخشان عەزیزی وەک ڕووناکییەکە لە تاریکییدا

مەریەم یەحیەوی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و زیندانی سیاسیی پێشووی ئێران پە پەیامێک پشتگیری خۆی بۆ پەخشان عەزیزی ڕاگەیاند و گوتی: " ناوی پەخشان عەزیزی دەپارێزێت، وەک ڕووناكییەك لە تاریكیدا."

پەیامی مەریەم یەحیەوی

مەریەم یەحیەوی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و زیندانی سیاسیی پێشووی ئێران ڕاگەیەندراوێكی لەسەر پەخشان عەزیزی زیندانییکراوی سیاسیی کورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان لە زیندانی ئەوین بڵاوکردەوە.

پەیامەکەی مەریەم یەحیەوی بەم شێوەیە:

" ماوەیەک بوو دەموویست دەربارەی تۆ بنووسم، بەڵام بیرکردنەوەکان ڕێگرییان لێکردم، بەڵام ئەمڕۆ دەمەوێت چەند ژیانی هاوبەشمان لە بەشی ژنانی زیندانی ئەوین بنووسم، هەرچەندە وشەکان ناتوانن ئەو کەشە وەک پێویست نیشان بدەن.

بیرمە ڕۆژی چاوپێکەوتن بوو، بەڵام من و تۆ و چەند کەسی دیکە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی سزای لەسێدارەدان چاوپێکەوتنمان لێی قەدەغە کرابوو.

دەوروبەری کاتژمێر ١٠ـی بەیانی بوو، بینم ئارد و ئاو و ڕۆنت لەسەر مێزێکی تایبەتی ژووری ١ـی نزیک چێشتخانەکەت دانابوو و بە دەستە ناسک و بەهێزەکانت هەویرەکەت دەشێلا، پرسیم چی دەکەیت؟ چاوپێکەوتنت نییە؟’، وتت: “ئەو نانەی دوێنێ درووستم کرد بە بە منداڵەکانی کەرەنتین نەگەیشت و هەروەها زەهراش دووگیانە دەبێت ئارەزووی هەبووبێت، بۆیە ئەمڕۆ من سوودم لە بەتاڵی چێشتخانەکە وەرگرت”. دواتر پێکەنیت و وتت:”ئێستا بەو شێوەیە سەیرم مەکە! کەمێک ئاو بەسەر هەویرەکەدا بکە، ئەم هەویرە پێویستە باش بشێلرێت و چەند کاتژمیرێک دابنرێت”.

دەوروبەری کاتژمێر ٤ ـی پاش نیوەڕۆبوو، تۆ ڕۆشتیت بۆ یاری تۆپی بالە، تۆپی بالە ئەوەندە بە جدی وەردەگریت، کە وا دەردەکەوێت لە پێشبڕکێی فەرمی بۆ تیپێکی تایبەت یاری دەکەیت! کاتێک هەڵە دەکەن، تۆ تووڕە دەبیت.

بەو جەستە توانایە، تۆپەکە بە شێوەیەک لێدەدەیت، کە شوێن پێیت لە هەوادا دەبینرێت، چەند جارێک بە هەمان لێدان، تۆپەکەت بەسەر دیوارە بەرزەکان و تەلی دڕکاوی زینداندا ناردووەتە حەوشەی چوار، خووی تۆ ئەوەیە لە نێوان هەر نیوەیەک جگەرەیەک داگیرسێنی، تۆ هەرگیز ناتوانیت زیاتر لە چەند فووێکی قووڵ هەڵمژیت، وەک خۆت دەڵێت:”ئەو کاتانەی کە تۆپی بالە دەکەیت تاکە کاتن، کە مێشکت سەرقاڵ نییە بە هیچ شتێکی دیكە جگە لە یاری”.

دەوروبەری کاتژمێر ٦ـی ئێوارەیە، دووبارە دەتبینم، ئامادەکارییەکانت لەسەر هەمان مێز بڵاو کردووەتەوە، بە نەرمی دەنکەکان لە خورما جیا دەکەیتەوە و بە وریاییەوە لە ناوەڕاستی هەویرەکە دایدەنێت، وا دیارە سێبەری چاوم قورسە لەسەر تۆ. سەرت بەرز دەکەیتەوە و زەردەخەنە دەکەیت و چاوەکانت دەدرەوشێنەوە.

دەوروبەری کاتژمێر٨ـی شەوە، تەسنیم کە بەم دواییانە لە بەشی ژنانی ئەوین لەدایکبووە و تازە تەمەنی یەک ساڵە لە کەرەنتینەوە دێتە ناو ئەو بەشەی، کە لە باوەشی دایکی دایە، کاتێک تسنیم لە دەرگای کەرەنتینەوە بەرەو بەشەکە دێتە ژوورەوە، ئەوەندە دڵخۆشە، کە وا هەست دەکات لەو قەفەزە بچووک و شێدار و خنکێنەرە دەڕوات بۆ قەفەزێکی گەورەتر، قەفەزێک، کە هەمووان بە پەرۆشن بۆ بینین، ڕەنگە دەنگی پێکەنینی تەسنیم تاکە شت بێت، کە ژیانی دەرەوەی زیندان بەبیری هەموومان دەهێنێتەوە.

کاتێک لێی نزیک دەبیتەوە و دەڵێیت: “تەسنیم گیان،” باوەشی دەکەیت و بە زمانی دایکت سۆز و خۆشەویستی بۆ دەکەیتەوە، وا دیارە ئەو باش تێدەگات و بە پێکەنینێکی دڵسۆز و چاوە بێتاوان و سەیرەکانی وەڵام دەداتەوە.

تۆ بەرەو جێگاکەت دەڕۆیت چیرۆکێکی بۆ دەگێڕیتەوە؛ چیرۆکی ئازار و هیوا. پاشان دەست دەکەیت بە وتنی لایلایەکی کوردی، من بەدرێژایی ئەم ماوەیە، سەرنج دەدەم بە دەنگت و تەسنیم، من لە مانای لایلایەکە تێناگەم، بەڵام ئازارێکی سەیر و خۆشەویستییەکی بەرز بۆ من دەوروژێنێت.

لە دڵی خۆمدا دووبارەی دەکەمەوە، پەخشان واتە شیعر، تۆ یارمەتیدەرێکی بێوێنەیت، کە هەم منداڵانت خۆشدەوێت و هەم بایەخ بە کێشەی منداڵان و ژنان دەدەیت. ڕۆژێک لە کامپەکانی شەڕکردن لە دژی داعش برینەکانی ژن و منداڵانی کۆبانێت ساڕێژ دەکرد ئێستا لێرە، لەم گەمارۆیەدا، لە ژێر حوکمی نادادپەروەرانە و نامرۆڤانەی مردن، تۆ چارەسەرکەری منداڵێکیت، کە دایک و باوکی تۆمەتبارکراون بە داعش، تۆ یاوەر و پشتیوانی دایکیت، هەروەها بۆ حەوت ژن لە کەرەنتینەی قاوشی ژنان نانی خورما درووست دەکەیت، کە تۆمەتبارن بە داعش بوون.

ژیان و مرۆڤایەتی، چ مانایەکی گەورەیان هەیە بۆ تۆ، ئەگەر دەرکەری حوکمی لەسێدارەدانەکەت بزانێت، ئەو نەمامانەی، کە بە دەستی خۆت چاندوتە، زەردەخەنەی تەسنیم، هیوای ئەو حەوت ژنە، لەسەر دیوارەکانی زیندان سەوز دەبن، هەستی چۆن دەبێت؟

مێژوو ستەمکاران مەحکوم دەکات، بەڵام ناوی تۆ دەپارێزێت، وەک گڕی تاریکی. ژیان مانایەکی تایبەتی هەیە بۆ تۆ تەنانەت کاتێک لە سێبەری مەرگدا دەوەستیت."