کەژار بۆ پشتیوانی زیاتر لە وریشە مورادی داوای بەرفراوانکردنی تێکۆشان دەکات

کەژار لە دژی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ وریشە مورادی، داوای پشتیوانی زیاتری لە سەرجەم چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و بەتایبەت ژنان کرد و رایگەیاند: "وەرن بە کۆدەنگییەکی جیهانیەوە، ڕێگری لە بەدیهێنانی سیاسەتەکانی ڕژێم بکەین."

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەبارەت بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی(جوانا سنە) راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:

بۆ ڕای گشتی گەلەکەمان لە کوردستان و هەموو ئێران!

بۆ خاوەن ویژدانە مرۆییەکانی جیهان!

وریشە مورادی (جوانا سنە) هەڤاڵمان، لە١٠ی ئابی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و ئێستا لە زیندانی ئێڤین زیندانە. لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی پیاوسالاری ئێران هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دژ بەم هەڤاڵەمانی بەکار هێنا، لە ژووری تاکەکەسیەوە تا ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، قەدەغەکردنی دیدارەکانی لە پارێزەر و بەکارهێنانی توندوتیژی لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە ئیتلاعات بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ بە گشتی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گوشارێک کرایەوە. هەروەها ڕای گشتی جیهانیش بە هەمان شێوە بینیان کە ئەو ڕێکارانە نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵاینی ژنانی ئازادیخواز هیچ دەستکەوتێکی بەدەست نەهێناوە. ئەم کردەوە و ئەشکەنجانە درێژەپێدەری سیاسەتی دژ بە کۆمەڵگا و تایبەت ژنانە کە بەساڵانە پێکهاتووە و بەردەوامی هەیە.

سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا گەیشتووەتە بەربەستێکی جددی و ئاڵۆز کە بەبێ چارەسەرێکی بنەڕەتی تادێت زیاتر و زیاتر لە خۆیدا نوقم دەبێت. ئەم چەقبەستووییە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دژ بە ژنان و گەلان لە هەموو بوارەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە بووە هۆی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی بەکاهێنانی ڕێبازی ژیرانە و هەوڵدان بۆ چارەسەری پرسەکان، بە پێچەوانە بە سیاسەتی سەرکوتکردن کیشەکانی قووڵتر کردووتەوە و سزای نامرۆڤانە بەسەر تێکۆشەراندا دەسەپێنێت. یەکێک لەو تێکۆشەرانە هەڤاڵمان وریشە مورادییە کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ئەوپەڕی دڕندەیی سیستەمێک بووەتەوە کە سیمبولی مرۆڤکوژی و ژنکوژییە.

هەڤاڵمان وریشە هەر لەسەرەتای دەستگیرکردنیەوە سەرەڕای ئەو هەموو توندوتیژی و ئەشکەنجە زۆرە دەروونی و جەستەییەی بەسەریدا سەپێنرا، بوو بە دەنگی زیندان، دەنگی شۆڕش و دەنگی هەموو ئەو زیندانیانەی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. هەڵوێست و کاردانەوە ڕادیکاڵەکانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە پێناو بەرگریکردن لە ژنانی تێکۆشەر نیشانەی ئەوەیە. هەروەها لە نامەکانیدا باسی ناسنامە و ئیرادەی ژنان کردووە و دادگا و دەسەڵاتی دژە ژن بە ڕەوا ناناسێ و ڕەتیکردووتەوە. لەم بارەیەوە بەو هەڵوێستانەی ژیانی کەوتە مەترسییەوە و لە ١٠ی تشرینی یەکەم بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر سزای لەسێدارەدان و وەک پشتیوانی لەو چالاکیانەی سەبارەت بەو زیندانیانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و هەتا ٢٩ی تشرینی یەکەم بۆ ماوەی بیست ڕۆژ بەردەوام بوو و لەسەر داوای چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئێستا ناوەندی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەردەوامی کارە نامرۆڤانەکانی بەرامبەر بە هەڤاڵمان بە شێوەیەکی بێ بنەما و نامرۆڤانە سزای لەسێدارەدانی بەسەر هەڤاڵماندا سەپاندووە. سەرەڕای سەرجەم پرۆسەی دەستبەسەربوونەکەی و دادگاییکردنی کە پرۆسەیەکی نامرۆڤانە بوو، بڕینەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنێکی چالاکوان و تێکۆشەر سووربوونی ڕژێم لەسەر کردەوە نامرۆڤانەکانی دژ بە ژنان و کۆمەڵگا نیشان دەدات و ئەمەش وەکوو ئەوە وایە بزمارێکی دیکەی لە تابوتی خۆی دابێت. ئێمە وەک کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم سزایە ئیدانە دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و ژنانی تێکۆشەری دیکە هەڤاڵانی شیرین و زەینەبن و وەک ئەوان مەشخەڵی ئازادییان بۆ هەموو گەل و گەلانی ئێران بەدەستەوە گرتووە و سیمبولی تێکۆشانی ژن، ژیان، ئازادین.

هەر لە سەرەتای دەستگیرکردنی هەڤاڵمانەوە تا ئێستا گەلی ڕەنجدەر و ئازادیخواز، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ئازادیخوازان ئەو کەسانەی کە ئەزموونی ستەم وچەوسانەوەیان هەیە و بۆ گەیشتن بە ئازادی تێکۆشان دەکەن، بە چالاکیەکانیان لە کوردستان و جیهان خاوەندارییان لە هەڤاڵمان "وریشە مورادی"کردووە. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە جەخت لەسەر گرنگی یەکڕیزی و پشتیوانی و هاودەنگی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان دەکەینەوە و داوا لە هەموو تێکۆشەران، چالاکوانان و ژنان دەکەین بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی بەردەوام بن لە چالاکیەکانیان و بە کۆدەنگییەکی نێونەتەوەیی ببنە بەربەسێک لە گەیشتنی ڕژێم لە ئامانجەکانی. ئێمەش وەک هەڤاڵانی وریشە مورادی وێڕای پەرەپێدانی تێکۆشانی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازانەمان لە درێژەدان بە تێکۆشانی ناوەندی ژن، خاوەن بڕیارین کە وریشە مورادیش وەک بەرهەمێکی ئەو ناوەندە و هەم یەکێکە لە پێشەنگەکانی، هەموو هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە هەتا بەدیهاتنی ئازادی.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -کەژار"