کەژەکە: هەڤاڵ پەلین لە هێڵ و ئامانجەکانیدا ڕوونبوو

کوردیناسیۆنی کەژەکە بەڕێزدارییەوە یادی پەلین یڵماز ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەری کردەوە کە لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەهید بووە و گوتی"هەڤاڵ پەلین لە هێڵ و ئامانجیدا ڕوون بوو، لە پەیوەندیییەکانییدا خاکی بوو."

شەهید پەلین یڵماز

کوردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان(کەژەکە) لە پەیامێکی نووسراودا ڕایگەیاند: "بە ڕێزداری و پێزانینەوە یادی، پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیخوازی ژنان، هەڤاڵ پەلین یڵماز کە لە هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکدا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لە ٢٧ی کانوونی دووەمی، ٢٠٢٥ شەهید بوو، بەبیر دێنینەوە و هاوکات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای یڵمازی و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین."

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛

"شەهیدبوونی هەڤاڵ پەلین، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی کەژەکە، خەسارێکی گەورە و قەرەبوو نەکراو بوو بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنانمان. ئەمە نیشانەی ترسی ڕژێمی فاشیستی تورکە لە بزووتنەوەی ژنان و ژنانی پێشەنگمان کە بانگەشەی گۆڕینی ئەم سەدەیە دەکەن بۆ سەدەی ئازادیی ژنان. وێڕای ئیدانەکردنی ئەم هێرشە ترسنۆکانەیەی دوژمن، جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە بە یادی هەڤاڵ پەلین و هەموو شەهیدانمان، تێکۆشانی ئازادیمان بە سەرکەوتن دەگەیەنینە لوتکە.

هەڤاڵمان پەلین، بە هەستێکی قووڵی وڵاتپارێزییەوە و پەروەردەی دایکانەوە، لەم ڕووەوە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی زۆر بەهێزی هەبوو. هەڤاڵ پەلین، خەڵکی هێزانی بدلیس بوو و لە تێکۆشانی گەشەپێدان و ئازادیی ناسنامەی نەتەوەیی کورددا جێگەیەکی گرنگی هەبوو، لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا لە شاری وان، هۆشیاری سیاسی بەدەستهێناوە. لە بزووتنەوەی گەنجانی ئاپۆییدا بە خێرایی گەیشتە ئاستی پێشەنگایەتی، بەتێکۆشانی ڕادیکاڵانەی خۆی پێشکەوت و بوو بە پێشەنگ. هەڤاڵ پەلین بە هەڵوێستە یەکلاکەرەوەکانی دەکەوێتە بن سەرنجی دوژمنی و دواتر دەستگیر دەکرێت و نزیکەی ٥ساڵ زیندان دەکرێت.

لەو ماوەیەی لە زینداندا بووە، برا گەورەکەی، ئازاد سەربڵند کە لە ڕیزەکانی گەریلادا تێکۆشانی دەکرد، پەیوەندی بە کاروانی شەهیدانەوە کرد. هەڤاڵ پەلین لەو ماوەیەی لە زینداندا دەبێت بەبێ ئەوەی تەسلیمیەت قبووڵ بکات، بە میراتی بەرخۆدانی زیندانەوە، کەسایەتی خۆی زیاتر بەهێزتر دەکات و زیندانی بە گۆڕەپانێک بۆ پەروەردە دەزانی و لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخستنی و فکرییەوە خۆی زیاتر بەهێز دەکات. بەو ئەزموونەی کە بەدەستی هێنابوو و بە ئازادبوونی لە زیندان، لە قۆناغێکی ستراتژیکدا، بەرپرسیارێتیەکی گرنگ لە بزووتنەوەی ژنان و سیاسەتی دیموکراتیک لە ئەستۆ دەگرت و لەو بارەوە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو.

شۆڕشگێڕی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک

ژیانی شۆڕشگێڕانەی هەڤاڵ پەلین کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەک دەبێت، لە سەرووی هەموو شتێکەوە بە هەوڵێکی زۆر و مانایەکی قووڵەوە لەناو یەکدا تێکەڵ بوو. هەڤاڵێک بوو کە بە پێی پێویستی شۆڕش لە سێ بەشی کوردستان، لە گەنجیەوە هەتا زیندان، لە سیاسەتی دیموکراتیکەوە هەتا دیپلۆماسی و لە ڕووی پەروەردە و هەموو بوارەکانەوە خۆی بەڕێکخستن کرد. بە پێی پێوەرە و ڕێنماییەکانی ڕێبەرایەتیمان دەژیا، لە سیاسەتەکانیدا ڕوون بوو، لە ئامانج و ئایدیولۆژییدا وردبین بوو. لە پەیوەندییەکانیدا ڕاستگۆ و کۆمەڵایەتی بوو، هاوکات ژنێکی شۆڕشگێڕ بوو کە کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەبوو.

هەڤاڵ پەلین یەکێک بوو لە باشترین نوێنەرەکانی ئەو وتەیەی ڕێبەرایەتی کە دەڵێت: "مرۆبڤی سادە هێژاترین مرۆڤە". شۆڕشگێڕێک بوو کە قسە و کردارەکانی وەک یەکبوون و بە تێگەیشتنێکی بەرزی فەلسەفیەوە دەژیا. هەڤاڵێکی پێشەنگ بوو کە قەد بەو ئاستەی تێکۆشانی ڕازی نەبوو و هەمیشە هەوڵدانی زیاتری دەکرد. ڕەنجدەرێکی وردبین و بە دیسیپلین بوو، تێکۆشەرێک بوو بەبێ هەست بە ماندووبوون بکات، بۆ ساتێکیش لە هەوڵدانەکانی لە بەدیهێنانی شۆڕشی ئازادیدا ڕانەوەستا. بەردەوام متمانەی بە دەوروبەری دەبەخشی و دڵنیایی دەدا. وەکوو مامۆستایەکی زانا بوو کە بەردەوام عاشقی فێربوون بوو لە هەموو کەسێکەوە. هەڤاڵمان پەلین هەرگیز ئەو پارچەبوونەی کە بە سنوورە دەستکردکان، خاکەکەمانیان پارچە کردووە قبوڵ نەدەکرد، ئەو هەمیشە ژیانێکی ئازادی لە کوردستانێکی ئازاد بە ڕێبەرایەتیەکی ئازادەوە دەویست. پێشەنگێکی داهێنەر و لێهاتوو بوو کە پرەنسیپەکانی ئایدۆلۆژی ئازادی ژنی لە کەسایەتی خۆیدا بەرجەستە کرد و ماندوو نەناسانە لەسەر ئەو بنەمایە تێکۆشانی دەکرد. بۆ گەشەکردنی ژیانێکی ئازاد و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک دژ بە کولتووری کۆیلایەتی عەقڵیەتی پیاوسالاری تێکۆشەرێکی سەرکەوتوو بوو.

ئێمە وەک کەژەکە گەورەترین وەڵام بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵ پەلین ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریمان بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانمان لە بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و بە شۆڕشی ژنان گەیشتنمان بە سەرکەوتن دەزانین. لەم ڕووەوە جارێکی تر بە ڕێزداریی و پێزانیەوە لە کەسایەتی هەڤاڵمان پەلین یادی هەموو شەهیدانی ئازادیی بەرز ڕادەگرین و بەڵێنمان دووپات دەکەینەوە کە ژیانێکی ئازاد بە ڕێبەرێتی ئازاد لە سەر ڕێبازی درەوشاوەی شەهیدان بەدی دەهێنین."