بە دیمەن

لە ٨ـی ئاداری ئەمستردام دا پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێندرایەوە

بە هەزاران ژن لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا بە ڕێپێوانێک ٨ـی ئادارییان پیرۆز کرد، لە ڕێپێوانەکەدا پەیامی ڕێبەر ئاپۆیان خوێندەوە و بە جۆشەوە خاوەندارییان لێکرد.

پیرۆزبایی ٨ـی ئادار

لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا ٨ـی ئادار رۆژی جیهانی ژنانی کرێکار پیرۆز کرا. لە پیرۆزکردنەکەدا گەلێک لە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و ژنان، پارتە چەپەکان هاوشانی هەزاران لە ژنانی کورد بەشداری چالاکییەکە بوون.

لە چالاکییەکەدا ژنانی کورد بە گێڕانی ئاهەنگ و گۆرانی کوردی بوون بە جێ سەرەنجی بەشداربووان، لەگەڵ بەشداری بەجۆشییاندا بە بەردەوامی درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە.

لە چالاکییەکەدا چەندین بەشی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە نووسین لەسەر پانکارت بەرزکرانەوە. لە گۆڕەپانەکەدا پەیامی ٨ـی ئاداری ڕێبەر ئاپۆ بۆ ژنان خوێندرایەوە و ژنان بە جۆشەوە خاوەندارییان لە بانگەوازی و پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرد.

دواتر دەستکرایەوە بە ڕێپێوان، لە کاتی ڕێپێوانەکەدا بە بەردەوامی بە هەڵبڕینی دەنگەوە گوتنی "ئاگاداری پێشهاتەکانین، هیوادارین ڕێبەرێتیش لە ماوەیەکی نزیکدا هاوشێوەی ماندێلا ئازاد ببێت" لە لایەن ئەنتەرناسیۆنالیستان و فیمینیستەکانەوە دەگوترایەوە.

لە دوای ڕێپێوانەکە، لە ئێوارەدا چالاکییەکە لە هۆڵێکدا بەردەوام بوو و بە بە بەشداری ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنان تا درەنگانێک بە گۆرانی کوردییەوە ئاهەنگێییان گێڕا و چالاکییەکە کۆتایی هات.