سویسرا وەڵامی بانگەوازە مێژووییەکەی دایەوە: ئامادەین نێوەندگیری بکەین

حکومەتی سویسرا ڕایگەیاند کە پێشوازی لە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کردووە و ڕایگەیاندووە ئەگەر لایەنەکان بخوازن ئامادەیە نێوەندگیری بکات.

بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە ٢٧ ی شوبات لە سەرانسەری جیهان پشتگیری و پێشوازییەکی مەزنی بەدوای خۆیدا هێنا. حکومەتی سویسرا ڕایگەیاند پێشوازی لە بانگەوازەکە دەکات، ئامادەیە نێوەندگیری و چاودێری لەنێوان لایەنەکاندا بکات.

هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوە فابیان مۆلینا، پێشنیازنامەیەکی ئاڕاستەی حکومەتی سویسرا کرد بە ناونیشانی "سویسرا چۆن پرۆسەی نێوان پەکەکە و تورکیا هەڵدەسەنگێنێت؟"، حکومەتی سویسراش وەڵامی دایەوە.

ئامادەین ڕۆڵی خۆمان بگێڕین

حکومەتی سویسرا ڕایدەگەیەنێت بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی لە تورکیا گرنگە و دەڵێت: "بەدڵخۆشییەوە پێشوازی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ ی شوباتی ٢٠٢٥ دەکەین، بانگەوازەکە دیدگایەک بۆ دابینکردنی ئاشتی پێشکەش دەکات. لەسەر داوای لایەنەکان، حکومەتی سویسرا ئامادەیە نێوەندگیری بکات و دڵسۆزی خۆی پیشان بدات".

بەرپرسیارێتی تورکیا بیردەهێنینەوە

لە وەڵامی پرسیاری فابیان مۆلینا "بۆ ئەوەی لە تەواوی پرۆسەی ئاشتیدا عەبدوڵا ئۆجالان لە هەلومەرجی گونجاو و مرۆڤانەدا لە زیندان بێت، سویسرا چ دەکات؟"، حکومەتی سویسرا دەڵێت:

"پەیوەست بە هەلومەرجی زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، حکومەتی سویسرا پشتگیری لە پێشنیارەکانی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) دەکات. سویسرا بەهەماهەنگ لەگەڵ کۆنسەی ئەوروپا و دامەزراوەی ئاسایشی ئەوروپا، بەشێوەیەکی ڕێک و پێک بەرپرسیارێتییەکانی تورکیا دەربارەی مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا بیردەهێنێتەوە".