کودەتای ١٢ ی ئادار، کۆمەڵکوژی غازی و قامیشلۆ شەرمەزارکران

کۆمیسیۆنی گەل و باوەڕەکانی دەم پارتی کودەتای سەربازیی ١٢ ی ئاداری ١٩٧١، کۆمەڵکوژی غازی ١٢ ی ئاداری ١٩٩٥ و کۆمەڵکوژی قامیشلۆی لە ١٢ ی ئاداری ٢٠٠٤ شەرمەزار کرد. ئەسەپە قوربانیانی کۆمەڵکوژی غازی بیرهێنایەوە.

کۆمیسیۆنی گەل و باوەڕەکانی دەم پارتی ئەوەی بیرهێنایەوە، پاش کودەتای سەربازی ١٩٧١، شۆڕشگێڕ ئیبراهیم کایپاکایا و دەیز گەزمیش و ماهیر چایان و سینان جەمگیل و هەڤاڵانی شەهیدکران و هەزاران ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و گەنج زیندانی کران.

هەمان زیهنیەت لە ١٢ ی ئاداری ١٩٩٥ لە گەڕەکی غازی ئیستەنبوڵ بە هێرشی کەسانی نەناسراو بۆ سەر سێ قاوەخانە و سەمونخانە بەردەوام بوو.

لە ١٢ ی ئاداری ٢٠٠٤ ڕژێمی بەعس لە سوریا دژی گەلی کورد لە قامیشلۆ کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. لە هێرشەکاندا لانی کەم ٥٢ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەس برینداربوون و زیاتر لە ٢ هەزار کەس زیندانی کران.

دەم پارتی گوتی: "بەم کۆمەڵکوژییە ئەو سیناریۆیەی ئامادەکرابوو، پراکتیزە کرا. ویستیان گەلی کورد کە بۆ ناسنامە و شکۆ و ماف و ئازادی تێدەکۆشێت، سەرکوت بکەن".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکان یادکرانەوە، دووپاتکراوەتەوە بەبێ دادپەروەری بۆ گەلانی بندەست و کرێکاران و باوەڕەکان لە تورکیا و هەرێمەکە، دیموکراسی و ئاشتی نایەتەدی.

ئەسەپە: هێشتا دادپەروەری بەدی نەهاتووە

پارتی سۆسیالیستی بندەستان (ئەسەپە) لە ٣٠ هەمین ساڵیاددا، قوربانیانی کۆمەڵکوژی غازی بیرهێنایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "ئامانجی هێرشەکە خوڵقاندنی شەڕی عەلەوی_سوننی بوو". جەخت دەکاتەوە، هەرچەند ٣٠ ساڵ تێپەڕبووە هێشتا دادپەروەری بۆ غازی بەدی نەهاتووە.

هەروەها دووپاتکراوەتەوە، تا لێپرسینەوە نەکرێت، گەڕان بۆ دادپەروەری بەردەوام دەبێت.