لە کەرکوک سیمینارێک سەبارەت بە 'ڕۆڵی خانمان لە میدیای کوردی دا' بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک لەژێر ناونیشانی 'ڕۆڵی خانمان لە میدیای کوردی دا' سیمینارێک بۆ ژمارەیەک چالاکوان و میدیاکارانی شارەکە سازکرا.

ئێوارەی دوێنێ لە کتێبخانەی باباگوڕگوڕ لە سەنتەری رۆشنبیریی کەرکوک، لەژێر ناونیشانی (ڕۆڵی خانمان لە میدیای کوردی دا) سمینارێک بۆ (عەزیزە وەلی) خانمە ڕاگەیاندکاری دیاری شارەکە سازکرا، لە سیمینارەکەدا ژمارەیەکی بەرچاوی چالاکوانان و رۆژنامەوانان و رۆشنبیرانی دیاری شارەکە بەشداربوون.

عەزیزە وەلی خانمە ڕاگەیاندکاری دیاری شاری کەرکوک، لەسەرەتای سیمینارەکە باسی مێژووی ژنی کوردی کرد لەکاری میدیایی و تیشکی خستەسەر عەقڵیەتی چەقبەستووی کۆمەڵگا و ڕێگری کردنی ژنان لە بواری میدیا و ووتی: " لەنێو کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵێک بیروباوەڕێکی چەقبەستوو هەیە کە پیان وایە ناکرێت خانمان کاری ڕاگەیاندن بکەن، بەڵام لەڕاستیدا ژنان زۆر بەتوانان لە تەواوی کایەکان بەتایبەتیش لە کایەکی ڕاگەیاندن، لەکۆنەوە خانمانی کورد توانیویانە شوێن پەنجەی خۆیان بەجێ بهێلن و چەندین نموونەی ژنی بەتوانامان هەیە لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردی دا بۆ نموونە خاتوون نەسرین مەحمود کە یەکەمین ژنە پێشکەشکاری کوردە کە لە بەشی کوردی کەناڵی کەرکوکی سەر بەحکومەتی عێڕاق کاری پێشکەشکاری کردووە، کە لەساڵی ١٩٦٩ وەکو یەکەمین کەناڵی میدیایی بینراو و بیستراو دامەزراوە".

هەروەها عەزیزە وەلی خانمە ڕاگەیاندکار تیشکی خستەسەر ڕێگری و ئاستەنگییەکانی بەردەم خانمانی کورد لە میدیای کوردی دا، ڕایگەیاند: " ڕێگری و ئاستەنگی زۆر لەبەردەم ژنانی کوردی لە کاری میدیای کوری دا هەیە، لێرەوە تیشک دەخەینەسەر سەرەکیترین ئاستەنگیەکان کە وا دەکات ژنانی کورد بەشداری بواری ڕاگەیاندن نەکەن بریتییە کە( سووکایەتی کردن، هەڕەشە کردن، تۆمەت هەڵبەستین، ڕێگری خێزانی، گێچەڵ و دەستگیرکردن)، بەداخەوە زۆربەی بەرپرسانی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن لە ڕەگەزی نێرن و ژمارەیەکی زۆر کەمی ژنان بەرپرسی ناوەند و بەشەکانی میدیای کوردین".

هەروەها ئەو خانمە ڕاگەیاندکارە تیشكی ختسەسەر قوربانیانی ژنانی کورد لە بەشی میدیا و باسی شەهید دەنیز فورات-ی کرد و ووتی: "ژنانی کورد قوربانیان داوە لەکاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان، یەکەم ژن کە لەشەڕی دژ بە داعش شەهید کرا خاتوون دەنیز فورات بوو، کە لە رۆژی ٨ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لەکاتی ڕووماڵکردنی شەری دژی داعش شەهید بوو، هەروەها قوربانیانی دیکەش هەن لەژنانی میدیاکاری کورد کە شەهید بوونە، ئەمەش سەلماندوویەتی کە ژنانی میدیاکاری کورد بەتوانا و چاونەترسن لەکاری میدیایی".

لە کۆتایدا عەزیزە وەلی، خانمە ڕاگەیاندکاری دیاری شاری کەرکوک، ڕەخنەی لەژنانی ڕاگەیاندکار گرت، کە کەمتەرخەم بوونە لە گەیاندنی دەنگی ژنانی کۆمەڵگا و نەیاتوانیوە ڕۆڵی خۆیان وەکو پێویست ببینن بۆ هاوکاریکردنی ژنانی کۆمەڵگاکەیان و گەیاندنی دەنگیان بەلایەنی پەیوەندی دار.

پاش تەواوی بوونی سیمینارەکە، ئامادەبووانی سیمینارەکە پرسیارەکانیان ئاڕاستەی پێشکەشکاری سیمینارەکە کر د و ڕاوبۆچوونی خۆیان و سەرنج و تێبینیەکانیان سەبارەت بە بابەتی سیمینارەکە دەربڕی.

ژ.ت