بابەتی گرنگ

زیاتر لە ١٥٠٠ یاساناس لە سەرتاسەری جیهانەوە لەبارەی ئیمراڵی بانگەوازیان راگەیاند

بەمەبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیری لە ئیمراڵی و مسۆگەرکردنی ئازادیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ١٥٠٠ پارێزەر و رێکخراوی بواری یاسا نامەیەکیان ئاراستەی وەزارەتی دادی تورک کرد.

لە ٣٥ وڵاتەوە ١٥٢٤ پارێزەر نامەیەکیان لەپێناو ئازادکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان واژۆکرد.

لەسەر ناوی ئەو کەسایەتیانەی نامەکەیان واژۆکردووە لە بروکسێلی پایتەختی بەلژیکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرا. کۆنگرەکە لەلایەن کۆمەڵەی یاسایی نێونەتەوەیی و دیموکراسی (ماف – داد)، کۆمەڵەی سەندیکای پارزەرانی بروکسێل، پەیمانگەی مافەکانی مرۆڤی سەندیکای پارێزەرانی بروکسێل، یەکێتی پارێزەرانی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرڤ و جیهان لەسەرتاسەری جیهان و سەندیکای پارێزەرانی دیموکراتی ئەوروپا سازکرابوو.

لە کۆنگرەکەدا کە لە یانەی راگەیاندنی بروکسێل سازکرا، ئەوە خرایەڕوو کە بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەم هەوڵەیان خستووەتەگەڕ.

لە کۆبوونەوەکەدا راگەیەندرا کە هۆشداری دراوەتە کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە دۆخی ئیمرآڵی لەلایەن پارێزەرانەوە لە جیهان وەک شێوازێکی گۆشەگیریی تایبەت و جیاکاری پێناسەکراوە.

'یاسا پشتگوێ دەخرێت و کاری پێناکرێت، رێگری لە دیدار دەکرێت'

لەو نامەیەدا کە بۆ وەزارەتی دادی تورک نێردراوە، باس لەوەکراوە کە دیدارەکان پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش کە لە ئیمراڵین، بە شێوەیەکی نایاسایی ئاستەنگ دەکرێن.

نامەکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا خوێندرایەوە و سەبارەت بە رێگرییەکان لە دیدار لەگەڵ پاریزەران و بنەماڵەکان ئاماری ورد خرایەڕوو. لە نامەکەدا هاتووە، "دەستوەردان لە مافی بەرگری و سەپاندنی دۆخی راگرتنی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە لە ژووری تاکەکەسی، بووەتە هۆی ئەوەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بواری یاسا وەک یەکێتی پارێزەرانی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرڤ و جیهان لەسەرتاسەری جیهان (ELDH) و سەندیکای پارێزەرانی دیموکراتی ئەوروپا (AED) و لاویەرز ئۆف لاویەرز راگەیەندراو بدەن و تۆڕێکی بەرفراوانی پارێزەرانی ناڕەزایەتی رێکخستنکراو نیشان بدەن".

لە نامەکەدا بەبیرهێنراوەتەوە کە لە ٢٢ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤دا ١٣٠٠ پارێزەر لە ٣٥ سەندیکای پارێزەرانی جیاجیا داواکارییان ئاراستەی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا کردووە، داوایان کردووە کۆتایی بە قەدەغەی سەردانی پارێزەران بۆ ئیمراڵی بهێندڕێت و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش بتوانن چاویان بە پارێزەرانیان بکەوێت.

لە درێژەی نامەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو "قەدەغەی دیداری پارێزەران و سەردانیان بۆ زیندانی ئیمراڵی بەسێوەیەکی ئاسکرا پێشێلکردنی ستانداردەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانیان لە لە ساڵی ٢٠١٥دا هەموارکراوەتەوە (پێودانگەکانی نێولسۆن ماندێلا)، پێشێلکردنی پێسنیارەکانی سی پی تی و یاسای سزادانی تورکیا بە ژمارە ٥٢٥٧ەوە. ئەرکە لەسەر دەوڵەت بە بێ گوێدان بە ناسنامە و سزای زیندانی و حوکمدراو، مافەکانی مسۆگەر بکات.

ئەمەش لە هەمانکاتدا، لەسەروی هەموویەوە پێشێلکردنی پێوانە بنەڕەتییەکانی ٨ و ١٦ هەڵاوردان و مافی پارێزەرانە کە لە پێوانە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەربارەی ڕۆڵی پارێزەران دەستنیشانکراوە.

ڕونکراوەتەوە کە تێکۆشانی مافناسان لە تورکیا لە دژی گۆشەگیری و پێشێلکردنی مافی بەرگریکردن لە بنەڕەتدا تێکۆشانە بۆ بەجێگەیاندنی پەیمانی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و هەموو ئەو مافانەی کە بە ڕێککەوتنە نێونەتەوەییان پارێزراون کە تورکیاش واژۆی لەسەرکردوون.

لە کۆتای نامەکەدا هاتووە: "لە ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٤دا بەڕێوەبەری گشتی گرتووخانەکانی سەر بە وەزارەت ئەم وەڵامەی داوە بە داواکاری پەرلەمانتارانی دەم پارتی و لە وەڵامەکەدا ڕاگەیاندراوە لە بەرامبەر چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان و سزادراوانی دیکەدا هیچ ئاستەنگکردنێک لە کارەکانی پارێزەراندا بوونی نیە. هیواخوازین ئێوە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان بدەن بە هاوپیشەکانمان لە تورکیا و ڕاستی ئەم زانیارانە پیشانی کۆمەڵەی یاسایی نێونەتەوەیی بدەن."

پارێزەران و دامەزراوە یاساییەکان لە نامەکەیاندا داوای هاوبەشیان بۆ سەردانیکردنی زیندانی ئیمراڵی  بە وەزارەتی داد ڕاگەیاند.

هیلینی دیباتی: دۆخی ئیمراڵی زۆر مەترسیدارە

سەرۆکی (AED) هیلینی دیباتی لەکۆبوونەوەکەدا قسەیکرد و باسی لەوەکرد لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئیمراڵی دەکەن و وتی: "دۆخی ئیمراڵی زۆر مەترسیدارە." دیباتی ئەوەی دیاریکرد بە زیاتر لە ١٥٠٠ەوە جارێکی دیکە پرسیاری دۆخی ئیمراڵی دەکەن.

گیسوید: دەوڵەت هەڵگری بەرپرسیارێتی پاراستنی مافەکانە

هاوسەرۆکی  MAF-DAD هیکی گیسوید زانیاری لەبارەی ئاستەنگکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێمراڵیدا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا پێشنیارەکانی سی پی تی و یاساکانی جیبەجێکردنی سزای ژمارە ٥٢٧٥ بەشێوەیەکی ئاشکرا پێشێلکراون و وتی: "دەڵەوت بەرپرسیارە لە دەستەبەرکردنی مافی زیندانییەکان."

ئۆشنسکی: مافە نێونەتەوەییەکان پێشلێکراوە

یەڤەس ئۆشنسکی لە سەندیکای پارێزەرانی برۆکس ئاماژەی بەوەدا گرنگیدانی ئەوان بۆ پاراستنی مافی پارێزەرانی تورکیایە و ڕایگەیاند مافی پاراستن گرنگە، یاسا نێونەتەوەییەکان مافی پارێزەران دابین دەکات. بەڵام تورکیا یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات.

شمیت: پێویستە یەکێتی ئەوروپا گوشار لەسەر تورکیا بکات

سکرتێری گشتی (ELDH) تۆماس شمیت باسی لەوەکرد ڕێکخستنە نێونەتەوەییەکان نیگەرانن لەوەی تورکیا مافی زیندانیان لەبەرچاوناگرێت و ئاماژەی بەوەدا پێویستە پارێزەرانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ڕۆشتنە ئیمراڵی گوشار لەسەر تورکیا بکەن. تورکیا گوێ بە پێشنیارەکانی سی پی تی نادات و وتی: "بۆ ئەوەی دەرفەتی چاوپێکەوتن بئافرێنرێت پێویستە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و یەکێتی ئەوروپا ناڕازیبوون پیشان بدەن."