ئەو ڕۆژەی کورد بووە خاوەنی شکۆ و کەرامەت

کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک، دەربارەی ٣٦هەمین ساڵڕۆژی بەرخۆدانی مانگرتنی ١٤ی تەموز، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، لە ١٤ی تەموزدا نەتەوەی کورد بوو بە خاوەنی شکۆ و کەرامەت.

بەناوی زیندانیانی دۆزی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) لەسەر چالاکیی مانگرتن تا مردن، لە ڕۆژی ١٤ی تەموزدا دەستیپێکرد، کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕاستیی پەکەکە تێکناشکێت، کە ٣٦ ساڵ پێش ئێستا و بە بەرخۆدانی ١٤ی تەموز ڕاگەیەندرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک دا هاتووە "بە بۆنەی ٣٦هەمین ساڵوەگەڕی مانگرتنە گەورەکەی ١٤ی تەموز، کە نەتەوەی کورد بەو ڕۆژە بوو بە خاوەنی شکۆ و کەرامەت، بە تایبەتی شەهیدانی مانگرتنە گەورەکەی ١٤ی تەموز و هەموو شەهیدانی شۆڕشی کوردستان بە گشتی، بە رێزەوە بە بیر دەهێنینەوە، کە خۆمان بە قەرزاریان دەزانین. بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە هەتا دوا هەناسە خاوەنداری لە ڕێبازەکەیان و تێکۆشانە شۆڕشگێڕییەکەیان بکەین. مانگرتنە گەورەکەی ١٤ی تەموز، لە دژی کردەوە دڕندەییەکانی بەدەر لە هەموو پێوەرە مرۆڤایەتییەکان، کە لەلایەن فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بەڕێوەدەبرا، وەک سەرکەوتنێکی گەورەی ئیرادەی مرۆڤ هاتە ئاراوە".

یەکێک لە ئامانجەکانی عەقڵییەتى ئەنجوومەنى سەربازیی کودەتاکەى ١٢ی ئەیلولی تورکیا دژایەتیکردنى پەکەکە بوو

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، محەمەد خەیری دورمووش، کەمال پیر، عاکیف یلماز و عەلی چیچەک لە ڕێگای چالاکییەکەیانەوە سەلماندیان، کە چۆن دەتوانرێت لە سەختترین هەلومەرجدا سەرکەوتن بەدەست بهێندرێت. پێوەرەکانی کادیری ئاپۆییان خستە پێش چاو وچوارچێوەى زمان و دۆخ و ڕێبازی شۆڕشی کوردستانیان دیاریکرد.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە بەرخۆدانی ١٤ی تەموز، کە نیشانەی سەرکەوتنی ستراتیژیەتی شۆڕشی کوردستان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە کراوە و لەو بارەیەوە ئەوەیان خستووەتەڕوو "ئەوەشیان بە ڕوونی سەلماندووە، کە ڕژێمی ١٢ی ئەیلول و ئیرادەی داگیرکاریی لە بەرامبەر هەڵوێستی ئاپۆییدا لەناوچووە. گرنگترین لایەنیشی ئەوەیە، کە ڕێبازی سەرکەوتنیان داوەتە گەلی کورد و ئەندام و کادێرانی پەکەکە و بەو شێوەیە بە ڕۆڵێکی مێژوویی هەستاون. سەرۆک ئاپۆ وتوویەتی "١٤ی تەموز رێبازى تێکۆشانە بۆ گەل و ئەو ئەندامان و کادێرانە، کە دەیانەوێت ببن بە ڕۆحی پەکەکە و سەربکەون". نابێت لەبیر بکرێت عەقڵییەتى ئەنجوومەنى سەربازیی ١٢ی ئەیلول، پێش هەر شتێک دەیویست تۆوی پەکەکە، کە لە خاکی کوردستاندا چێندرابوو و سەوز بوو بوو، لەناو ببات. دەیانبینی کە ئەگەر گەلی کورد باوەڕی بە خۆی هەبێت و ئیرادە و داخوازی و تێکۆشانی ئازادیخوازانەی ئێمە گەشە بکات و بڵاوببێتەوە و بەپێى ئەو بنەمایە بەردەوام بێت لە جموجوڵ، ئەوکات ئەوان هەموو سیاسەتی ٨٠ ساڵەیان لەدەست دەدەن".

بەرخۆدان لە دژی هێرشی پاکتاوکارانە و سڕینەوە و و نکۆڵیکردن

 کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە باسی ئەوەشیکردووە، لە زیندانی ئامەد، بە ڕێبازەکانی بەدەر لە پێوەرە مرۆییەکان، ئەشکەنجەی کادیرەکانی پەکەکە دەکرا و ڕاشیانگەیاندووە "عەقڵییەت و ئەنجوومەنی سەربازیی ١٢ی ئەیلول ویستی تەڤگەری ئازادی لەناو چواردیواری زینداندا لەناوببات و کادیرەکانی ناچار بکات ڕادەستی ببن. ئەشکەنجە لە زیندانی ئامەد و بەرخۆدان لە دژی ئەو ئەشکەنجەیە ئەنجامدرا. ئەوەش وەک سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردنی دەوڵەتی تورکیا هاتە ئاراوە.

ئەو کردەوانەی فاشیست تەنها لە دژی زیندانیان نەبوو، بەڵکو لە دژی تەواوی گەلانی کوردستان و تورکیا سەپێندرابوو. گەلی کوردستان لە بەرامبەر ئەوەدا، بۆ ژیان بەرخۆدانی کرد. ئەگەر ئەوان ژیانی نکۆڵیکردن و کۆیلایەتییان پەسەند بکردایە و لەناو مێژوودا ون دەکران، بەڵام ئەوەی لە زیندانی ئامەد ئەنجام درا، تێکۆشانی مان و نەمانی کوردان بوو. بەرخۆدێرانی ١٤ی تەموز وتیان 'ئێمە زۆر حەزمان لە ژیانە و پێناویدا دەمرین'. ئەوان جەستەی خۆیان فیدا کرد و ڕێڕەوی ئافراندنی ژیانیان بە مردن دەستپێکرد".

ڕۆژی دەستپێکردنی مانگرتنە گەورەکە ڕۆژی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بوو

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ڕۆژەی بڕیار لەسەر دەستپێکردنی مانگرتنە گەورەکەی ١٤ی تەموز درا، دەستپێکی تێکچوونی ڕژێمی نکۆڵیکەری تورکیا بوو، کە دەیویست پەکەکە لەناوببات. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "باوەڕی، ئیرادە و ڕێبازەکانی تێکۆشان کە بە ١٤ی تەموز دەستنیشان کراوە، ڕێبازی سەرکەوتنی لە شەرت و مەرجی هەرە قورس و سەختدا ڕوون کردەوە. ئەو ڕۆژەی چالاکیی مانگرتنی گەورە دەستیپێکرد، سەرکەوتنیش مسۆگەر بوو. کەمال پیر، کە بوو بە ئافرێنەری دەستپێکی ژیانێکی نوێ، بە یەکێک لە ئەشکەنجەکەرەکانی زیندانی وتبوو "من لە بەردەمی ئێوەدا ناڵێم ئۆف. ئێوە ناتوانن تەنانەت یەک وشەش لە دەمی من دەربهێنن کە دڵتانی پێ ئاسوودە بکەن. من ناهێڵم ئێوە کەیفخۆش بن. چەند خۆشە ئازادیی".

محەمەد خەیری دوورمووش، کاتێک ماڵئاوایی لە هەڤاڵەکانی دەکات، دەڵێت "لەسەر کێلی گۆڕەکەم بنووسن 'قەرزاری گەلەکەمم' و بەو شێوەیە دەستی بە گەشتی نەمریی کرد. پاشان محەمەد خەیری دوورمووش، یلماز عاکیف دەخاتە دوای خۆی، ئەستێرەی سووریش عەلی چیچەک دوا نەکەوتووە و بە وتەی ‘پارتەکەم ڕادەستبوونی تێدا نییە، بەڵکو پارتەکەم بەرخۆدانی فێر کردم’ و بەو شێوەیە ١٧ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٢ بە گوێرەی ڕێبەرانی خۆیان بەرەو ئەو ڕاستییە هەنگاویان نا.

بەرخۆدانی ١٤ی تەموز بە ڕوونی نیشانی دا، کە هێشتا ئەو ڕۆڵانەی کورد بوونیان هەیە، کە سەخترین هەلومەرجدا پەشیمان نەبنەوە و بەهیوای ئازادین. ئەو بەرخۆدانەش، ئەم پەیامەی بە گەلی کوردستان دا: “ئەگەر لەو شەرت و مەرجە قورس و سەختەدا مرۆڤ بتوانێت بەرخۆدان بکات، ئێوەش دەتوانن بەرخۆدان بکەن و ئازاد بن”.

گەلی کورد سەرلەنوێ بوویەوە بە خاوەنی ئیرادە و باوەڕبوون بە خۆی. هێڵی سەرکەوتن لە کوردستان و تورکیا روون بوویەوە هەتا کۆتایی ڕێگە لەبەردەم بەرخۆدانی گەلەکەماندا کرایەوە.

"ئێمە تێکۆشانی خۆمان بە ڕۆحی ١٤ی تەموز گەورە دەکەین"

کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک ئاماژەیان بەوەش کرد، دیکتاتۆریەتی ئاکەپە و مەهەپە درێژەپێدەری ڕژێمی ١٢ی ئەیلولە، بە کردارە فاشیستیەکانی خۆیان، ناتوانن گەلی کورد مەحکوم بە خەمساردی و ژیانی دواکەوتوانە بکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەروەک چۆن ڕژێمی سەربازیی ١٢ی ئەیلول بە فشارەکانی داواى دەکرد 'ئێوە دەست لەو تێڕوانینە هەڵبگرن، ئێوە لە دژی سەرۆک ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی ڕاپەڕن'، زۆر هەوڵیدا ئەوە بەسەر پێشەنگەکان و کادیر و لایەنگران و هەوادارانی پەکەکەدا بسەپێنێت. لەوە سەرکەوتوو نەبوو، ئێستاش بەهەمان شێوە دیکتاتۆریەتی ئاکەپە و مەهەپە هەموو ڕۆژێک دەڵێن 'ئێمە پەکەکە لەناو دەبەین' لە ناوەوە و دەرەوە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد. بەوەش دەیانەوێت پێشەنگەکان و شۆڕشگێرانمان، لەگەڵ دەستکەوتەکان و داخوازی هیوای ئازادی و دیموکراسی لەناو ببەن".

کۆمیتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە، دەیان شەهید کە لە هێڵی پەکەکە و ئاپۆیی دا، بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتن هەنگاویان ناوە و بەو شێوەیە ماڵئاواییان کردووە و گیانی خۆیان بەخت کردووە. بە دەیان شەهید بە ئەرکی شەهیدانی ١٤ی تەموز هەڵساون و لە دژی داگیرکاریی و چەوسانەوە خۆیان کردە قەڵغان.

لە کۆتایی لێدوانەکەدا، کۆمیتەی زیندانیانی پەکەکە و پاژک دا، داوا لە گەلی کورد و دۆستانیان و ئەندامان و کادێران کردووە، کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزەوە تێکۆشان گەشتر بکەن.

ر.م