کۆنگرەى گەل نەورۆزی پیرۆز کرد

دیوانی هاوسەرۆکایەتیى کۆنگرەى گەل جەژنی نەورۆزی پیرۆز کرد و راگەیاند، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەورۆز بەشێوەى جەماوەری پیرۆز ناکرێت، بەڵام ئاگری نەورۆز لە دڵی هەمووماندا گەشاوە و بڵێسەدار دەبێت.

دیوانی هاوسەرۆکایەتیی کۆنگرەى گەل راگەیاندراوێکى بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و نەورۆزی پیرۆز کرد.

لە راگەیاندراوەکەى کۆنگرەى گەل دا هاتووە:

"جەژنی نەورۆز سەرەتا لە رێبەر ئاپۆ، لە گەلانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕسات و لە هەموو هەڤاڵانی ئاستە جۆراجۆرەکانى تێکۆشان پیرۆز بێت.

نەورۆز بە بەرخودانى شەهیدان بووە نەورۆزێکى پیرۆز، بووە سیمبولی بەرخودان و ئازادیى گەلانی کوردستان. ئێمە بە بۆنەى نەورۆزی ئەمساڵەوە سەرەتا هەڤاڵان مەزڵوم دۆغان، سەما، زەکی، رەهشان، رۆناهی، بێریڤان و هەموو شەهیدانى نەورۆز بەڕێزەوە یاد دەکەینەوە و یادیان بەرز رادەگرین و بەڵێنی خۆمان بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانیان دووبارە دەکەینەوە.

بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە و بۆ پاراستنى تەندروستیى گەلانی کوردستان، ئەمساڵ نەورۆز بەشێوەى جەماوەری پیرۆز ناکرێت. ئەو بڕیارە بۆ پاراستنى گەلەکەمان پێویست بوو، بەڵام ئێمە دەزانین کە گەرمایی ئاگری نەورۆز لە دڵی گەلانمان و هەمووماندا گەشاوە و بڵێسەدارە. لەبەر ئەوەش بەپێى هەلومەرجی ئەمڕۆ، پێویستە گەلانمان بە شێوەى ئافرێنەرانە جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن و خۆیان بۆ بەرزکردنەوەى ئاستی تێکۆشان لەمساڵدا ئامادە بکەن.

ئەو قەیرانەى لە جیهان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەیە، بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی. لەم دۆخەدا و لە رووی ئابووری و سیاسییەوە دەرفەتەکانى تێکشکاندنی رژێمى فاشیستیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان لەهەموو کاتەکانى تر زیاترە.

لەبەر ئەوەش لەسەر بنەمای تێکشکاندنی گۆشەگیریی ئیمراڵی و تێکشاندنی فاشیزمی دەوڵەتى تورک و هێنانەدیی ئازادیی رێبەر ئاپۆ و کوردستان و دیموکراسیی ناوچەکە، پێویستە ئەمساڵ لە هەموو ئاست و جومگەکانى ژیانی ئێمەى گەلانی کوردستان و دۆستانمان بەرزکردنەوەى تێکۆشان بکەینە کاری سەرەکی.

لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە، کە بە شێوازی گونجاو و ئافرێنەرانە نەورۆزی خۆتان پیرۆز بکەن".

ژ.ت