نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە باشووری کوردستان، دەربارەی هەڕەشە و فشارەکانی سەر ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە. ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن پەرلەمانتاری هەدەپ بێریتان گونەش خوێنرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، پێویستە حکومەت ژیانی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە بپارێزێت و گوترا: "هەدەپە بەشێوەیەکی دیموکراتیک خەبات و چالاکی سیاسی دەکات. لە چوار پارچەی کوردستان بۆ مافی گەلی کورد تێدەکۆشێت. ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە لە باشووری کوردستان لە سەقامگیریدا نین، کوردانی باکووری کوردستان لە ژێر هەڕەشە و مەترسی میتی تورکدا ئاوارەی باشووری کوردستان بوون، بەڵام ئێستە لە باشووری کوردستان هەڕەشەی میتی تورک لەسەریان بەردەوامە".
گونەش ئاماژەی بەوە کرد، لە ٢٩ ی تشرینی یەکەم، لە یادی سەدساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، چەند کەسێک چاودێری نوێنەرایەتی هەدەپەیان لە هەولێر کردووە، هەوڵیانداوە هێرش بکەنە سەر بارەگای هەدەپە و هەوڵی تیرۆکردنی ئەندامان بدرێت، بەڵام پلانەکانیان سەری نەگرت.
بێریتان گونەش ئاماژەی بەوەش کرد: ئەرکی دەسەڵاتداران و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، پارێزگاری لە سەر و گیانی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە لە باشووری کوردستان بکرێت و گوتی: "پێویستە حکومەت پیلانگێڕانی پشت ئەم رووداوانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و بە سزای خۆیان بگەیەندرێن. بانگەوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین، ڕێگا نەدرێت پەنابەرانی سیاسیی ژیانیان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدا بێت، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێم ڕێگا نەدات باشوری کوردستان ببێتە جێگای تیرۆرکردن و کوشتنی کوردان".