سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە مەراسیمی چەک لەناوبردنی گەریلا لە سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوی برد.
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بەم جۆرەیە:
"چەکدانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە، بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە خوێنڕشتن کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئێستا سەردەمی بێدەنگکردنی چەکەکان و چوونە سەر مێزی گفتوگۆیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی هەموو لایەک.
ئێمە لە کاتێکدا لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبین، شانازیش دەکەین بەوەی کە ئەو بناغە ئاشتییەی یەکەمجار سەرۆک مام جەلال دایڕشت ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێت.
هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پتەوکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبێت".