هه‌واڵی به‌په‌له‌: دیمەنی مەراسیمی سووتاندنی چەک

لە کوردستان و تورکیا بە پەرۆشەوە تەماشای مەراسیمەکەی پەکەکە کرا

مەراسیمی چەک لەناوبردنی 'گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' کە لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، لە چەندین شاری کوردستان و تورکیا بە پەرۆشەوە تەماشا کرا.

مەراسیمی چەک لەناوبردن لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی، لە گەلێک لە شارەکانی کوردستان و تورکیا لەلایەن خەڵکەوە لەبەردەم شاشەکان بە پەرۆشەوە، جۆش و خرۆش، هیوا و هەستیارییەوە تەماشاکرا.

ئامەد

لە ئامەد کەسانێکی زۆر لە ناوەندی مەبیا-دەر کۆبوونەوە. کۆبوونەوەی خەڵک کە چەند کاتژمێرێک تەماشای مەراسیمەکەیان کرد، جێی سەرنج بوو. دیمەنەکان بە چەپڵە و دروشم پێشوازییان لێکرا. دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'بژی بەرخۆدانی گەریلا' و 'شەهید نامرن' بەبەرزی دەوترانەوە. هەندێک ژن فرمێسکیان دەباراند، کەسوکاری شەهیدانیش وێنەی شەهیدەکانیان بەدەستەوە بوو. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بارەگای دەبەپە لە شارەکە خەڵک بەکۆمەڵ لەدەوری یەکتر کۆبوونەوە و تەماشای مەراسیمەکەیان کرد.

بسمل و خانا ئاخپار

لە بسمیل و خانا ئاخپار خەڵک لە ماڵەکانیان و لە بارەگای پارتەکان تەماشای مەراسیمەکەیان کرد. دایکی ئاشتی ماقبوولە ئاکیوز کە کارەبا بڕا، لەڕێی مۆبایلەوە سەیری مەراسیمەکەی کرد و شایەتحاڵی ئەم ساتەوەختە مێژووییە بوو.

سێرت

لە سێرت خەڵکی بەکۆمەڵ لە هۆڵی کۆنفرانسی دەنیز پۆیراز کۆبوونەوە، لە کاتی تەماشاکردنی دیمەنەکان، دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' وترایەوە. بەتایبەتی ئەو دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان لەدەستدابوو، لە ماوەی چەک لەناوبردنەکەدا فرمێسکیان دەباراند.

ئێلح

لە ئێلح خەڵکی بە کۆمەڵ لە ناوەندی مەبیا-دەر کۆبوونەوە، بە دروشم و چەپڵەوە تەماشای مەراسیمەکەیان کرد. کاتێک چەکەکان لەناوبران، ژنێکی گەنج خزمێکی خۆی لەنێو ئەو گەریلایانەدا بینی کە چەکیان لەناودەبرد و ئەمەش کاری تێکرد.

شڕناخ و ناوچەکانی دەوروبەری

لە ناوەندی شڕناخ و ناوچەکانی جەزیرە، هەزەخ و سلۆپیا بە پێشەنگایەتی دەم پارتی و مەبیا-دەر خەڵک بەکۆمەڵ کۆبوونەوە. لە جزیرە دایکی ئاشتی مەقبوولە دەمیر ڕایگەیاند، "ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" و داوایکرد کە هەنگاوی سیاسی بنرێت و هەموارکردنەوەی یاسایی ئەنجامبدرێت.

ئەستەنبول

دانیشتووانی ئەستەنبوڵ لە بارەگای دەم پارتی لە شارەکە کۆبوونەوە. بەر لە ڕووماڵەکە خەڵکی بە کۆمەڵ، بەپەرۆشەوە و چاوەڕێبوون و جۆش و خرۆشێکی گەورەیا هەبوو.

مێردین (قۆسەر)

لە ناوچەی قۆسەری مێردین بە پێشەنگایەتیی مەبیا-دەر هاووڵاتیان کۆبوونەوە و بە جۆشەوە تەماشای مەراسیمەکەیان کرد.