باسکی یەکەمی رێپێوانی ئازادی گەیشتە ئەلکێ و باسکی دووەمیش لە پانۆسە

رێپێوانی گەورەی ئازادی کە لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد چوار رۆژە دەستیپێکردووە، باسکی یەکەمی گەیشتە ئەلکێی شڕنەخ و باسکی دووەمی لە دوای ئاگری گەیشتە پانۆس.

باسکی یەکەمی رێپێوانەکە کە لە وانەوە دەستپێکرد، ئەمڕۆ لە جۆلەمێرگەوە درێژەی بە رێپێوانەکەدا و گەیشتە ئەلکێی شڕنەخ و لەوێ لەلایەن پەرلەمانتارانی دەم پارتی و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکانەوە پێشوازیان لێکرا.

بەشداربوانی رێپێوانەکە و ئەو کەسانەی بۆ پێشوازییان هاتبوونە دەرەوەی ناوچەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک "بژی بەرخودانی زیندانەکان" بەرەو ناوەندی ناوچەکە رێپێوانیان کرد و لەوێ لەلایەن جەماوەرەوە پێسوازییان لێکرا.

لە گردبوونەوەیەکدا لە بەردەم بینای دەم پارتی لە ناوچەی ئەلکێ پەرلەمانتاری بازنەی رحای ئەو حزبە دیلان کونت ئایان وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی رێپێوانەکەیان "ئازادی بەڕێز ئۆجالانە. ئەم داواکارییە هەڵوێستە لە دژی سیاسەتی پەراوێزخستن و نکۆڵی کردن لە کورد کە چەندین ساڵە پەیڕەو دەکرێت. هەروەها بۆ چارەسەری پرسی کورد دەبێت سەرلەنوێ بەڕێز ئۆجالان وەک بەردەنگ و موخاتەب قەبوڵ بکرێت و لە سەر مێزی دانوستان لەگەڵیدا کۆببنەوە".

دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکان لە ئەلکێ بەشداربووانی رێپێوانەکە دەچنە گوندی رۆبۆسکی و سەردانی گۆرینی ئەو ٣٤ گەنجە دەکەن کە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١ کۆمەڵکوژکران.

باسکی دووەم

باسکی دووەمی "رێپێوانی گەورەی ئازادی" کە لە قەرەسەوە دەستیپێکرد، دوای بەسەرکردنەوەی ئاگری گەیشتە ناوچەی پانۆس و لەوێ بە جۆش و خرۆش و بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" پێشوازییان لێکرا.

ئامادەبوانی مەراسیمی پێشوازی لە بەشداروانی رێپێوانەکە گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان گێڕا و دواتر بەرەو بینای هەڵبژاردنی دەم پارتی لە ناوچەکە رێپێوانیان کرد و لەوێ نەژلا دەمیر پەرلەمانتاری دەم پارتی قسەی کرد و وتی، " دەبێت زەمینەسازی بکرێت بۆ ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان و لەپێناو دەستەبەرکردنی ستاتۆ بۆ کورد دەست بە گفتوگۆ بکرێت. داوادەکەین کە دەست بە دانوستان بکرێت. رێپێوانەکەمان لە سەر ئەو بنەمایە دەستیپێکرد و لەسەر ئەو بنەمایەش بەردەوام دەبێت".

دەمیر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە سیاسەتەکانی ١٠٠ ساڵی رابردووی دەوڵەت لە دژی گەلی کورد کرد و رایگەیاند، دەبێت ئیتر دەوڵەت لەوە تێبگات لە بە گوشار و ناتوانن بێدەنگمان بکەن و گەلی کورد گەلێکی خۆڕاگرە و رۆژ لە دوای رۆژ سەرباری هەموو هێرش و گوشارەکان بەهێزتر دەبێت.

دواتر بەشداربووانی رێپێوانەکان لە بینای هەڵبژاردنی دەم پارتی لەگەڵ خەڵک کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بەشێک لە نوسراوەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێندرانەوە.

دواتر بەشاربووانی رێپێوانەکە چوونە بەردەم زیندانی پانۆس و پشتیوانی خۆیان بۆ زیندانیانی مانگرتوو دەربری کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد بە شێوەی نۆرەیی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

هاوکات لە وتەکاندا کە لە بەردەم زیندان پێشکەشکرا، داواکارییەکانی بۆ ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی و دیموکراتیک بۆ پرسی کورد دوپات کرانەوە.

چالاکیەکانی رۆژی چوارەمی باسکی دووەمی رێپێوانی گەورەی ئازادی لە ناوچەی پانۆسی ئاگری کۆتاییهات و سبەینێ لەوێوە دەست بە رێپێوانەکەیان دەکەنەوە.

هـ . ب