لە یادی٣٦ـەمین ساڵەی کیمیاباران و شەهید کردنی زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە خەڵکی شاری هەڵەبجە، دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە:
"لە کاتێک دا، یادی ٣٦ ساڵەی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجە دەکەینەوە، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. دوای ٣٦ ساڵ جارێکی دیکە داگیرکاریی و هێرشی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکیکیی و هەموو جۆر و چەکێکی قەدەغە کراو دژ بە گەلی کورد بەکار دەهێنرێت. تەنها شوێنەکان و جیۆگرافیاکان گۆڕاون، ئەگەرنا هەر کورد کوشتن و داگیرکاریی و لە ناوبردنی تێکۆشانە رەواکەی بەردەوامە.
عەقڵیەتی داگیرکاریی و ستەم لە گەلی کورد، هەمان عەقڵیەتە، چی بەعس بێت یا ئاکەپە بێت، یان هەر سیستەمێکی دیکەی حکومڕانیی بێت. لای ئەوان، ئەوە گرنگە کە کوردێکی ئازاد و خاوەن ئیرادە، بوونی نەبێت.
دوای ٣٦ ساڵ لە کیمیاباران و شەهید کردنی زیاتر لە پێنج هەزار کوردی بێتاوانی خەڵکی شاری هەڵەبجە، تاکو ئێستایش دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان، وانەیەکیان لەو کۆمەڵکوژیی و مەرگەساتە وەرنەگرتووە. هەروەها نەیانتوانیوە لانیکەم، ناو ماڵی کوردیی لە باشوری کوردستان ڕێکبخەن و یەک هەڵوێستی بەرانبەر بە دوژمنان، نیشانبدەن.
رژێمی بەعسی لە ناوچوو، هەموو جۆرە قڕکردنێکی بەکار هێنا، بۆ لەناوبردن گەلی کورد و تێکۆشانە ئازادییخوازەکەی، بەڵام بەو ئیرادەیەی ئەو کات هەبوو، نەیتوانی بگاتە ئەنجامێک. کەچی ئێستا ئەبینین لە سایەی ئەم دەسەڵاتە، ئەوەشی هەبوو لە تێکۆشان و قوربانیی دانی نزیکەی سەد ساڵ، شتێک نەماوە بەناوی ئیرادە و تێکۆشان لە باشوری کوردستان. کار گەیشتووەتە ئەوەی مەترسیی بکەوێتە سەر قەواری هەرێمی کورستان و سیستەی فیدڕاڵیی لە عێراق دا.
هەربۆیە ئەگەر گەلی کورد و کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، خۆیان ڕێکنەخەنەوە، لە چوارچێوەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی و تێکۆشانێکی فیکریی و ڕێکخراوەیی، بەرەنگاربوونەوە نەکەن، ئەوەی لە پێشمان دایە لە جینوسایدی هەڵەبجە زۆر خراپتر دەبێت.
لە کۆتایی دا، سەری ڕێز و نەوازش، بۆ شەهیدانی قوربانییانی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین، داوای خزمەتی زیاتر بۆ بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە و تەواوی خەڵکی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەین و داوای یەکڕیزیی زیاتر دەکەین، بەتایبەت کە دەبینین دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەڕەشەی زیاتر دەکات بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان".
هـ . ب