پەدەکە رۆژنامەنووسێکی دەستگیر و بێسەروشوێنکرد
سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی رۆژ نیوز لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرو بێسەروشوێنکراوە و بنەماڵەکەشی داوای ئاشکراکردنی کوڕەکەیان دەکەن.
سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی رۆژ نیوز لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرو بێسەروشوێنکراوە و بنەماڵەکەشی داوای ئاشکراکردنی کوڕەکەیان دەکەن.
ئەو رۆژنامەنووسە لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ماوەی پێنج ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕاوە.
سوڵتانا ئەحمەد، دایكی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ لە شاری عەفرین ئاوارەبوون، کوڕەکەیان بە مەبەستی كارکردن چووەتە شاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەكەی پەیدا بكات، دوای كۆچی دوایی باوكی و شەهیدبوونی بڕاكەی، سلێمان ئەحمەد بەمەبەستی سەردانی خێزانەکەی چووەتە حەڵەب، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی فیشخابوورەوە پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.
دایکی ئەو رۆژنامەنووسە داوای کرد دەستبەجێ چارەنووسی کوڕەکەی ئاشکرا بکرێت.
هەر لەو بارەوە ئاژانسی رۆژنیوز رایگەیاند، "ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە".