چالاکوان داود محەمەد، لە سەر پرسی ئازادی ڕۆژنامەوانی و گرتنی ڕۆژنامەنوسان لە باشوری کوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی فورات نیوز (ANF) کرد و وتی: "لە هەرێمی کوردستان، پرسی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، کە تەمەنامان دەکرد باشتربێ، کەچی خراپتردەبێت".
'ئەم کابینە کۆی پرسی ئازادی و پرەنسیپەکانمانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە'
داود محمەد، لە سەر کابینەی نۆیەم قسەیکرد و وتی: "ئەبوایە حکومەتی هەرێم، بە شێوەیەکی باش و یاسایانە کار بە یاسایی ڕۆژنامەگەری بکات لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ ڕۆژناماواندا بکات، نەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و ئەجیندای حزبی، کە زاڵبوە بەسەر یاسا گشتیەکەی ڕۆژنامەگەرییدا، و گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەوانانی ئەم دواییەی بادینان؛ شێروان شێروانی و هاوڕێکانی، هێندەی تر ڕووی حکومەتی هەرێمی بەرامبەر بە ڕای گشتی ناشرینکردوە، بۆیە هەموو ئەو خەبات و ماندوبونەی لە ڕابردودا کردومانە، کە یەکێک لە ئامانجەکانمان کارکردن بووە بۆ جێبەجێکردنی پرسە دیمکراسیەکان و مافی مرۆڤ، دەخاتە ژێرپرسیارەوە، وە بەداخەوە ئێستا ئەم حزبانە دژی بنەما دیموکراسییەکانی خۆیان وەستاونەتەوە، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ناوخۆ و دەرەوەدا نمونەیەکی ناشرینی پیشانداوە".
'ئەم کابینەیە خراپترین کابینە لە توندتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان'
هەر وەها داود محەمەد باسی لەو دۆخی ڕۆژنامەنوسانکرد لە باشوری کوردستان و وتی: "لە کابینە یەک لە دوای یەکەکاندا، ڕۆژنامەنوسان بەدەر نەبوون لە ئەشکەنجە و توندوتیژی، بەڵام خراپترین ئەشکەنجە و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان لەم کابینەیی مەسرور بارزانیدایە، ئەمە ناشاردرێتەوە و ئامارەکان قسەمان بۆ دەکەن".
'پەدەکە ئەجیندای هەرێمی و دوژمنانمان جێبەجێ دەکات'
دەربارەی دیموکراسی لە باشوری کوردستان، چالاکوان داود محمەد وتی: "دیموکراسی کە پیادەدەکرێت، بۆ گەشەی کۆمەڵگایە، کە دیموکراسی لە هەر وڵاتێکدا هەبوو، ئەوا لەسەرجەم سێکتەرەکانەوە پێشدەکەوێت، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەجیندای هەرێمی و دوژمنانمان جێبەجێدەکات، بۆیە حەز بە پێشکەوتنی ئەم وڵاتە ناکات، نایەوێت تاکی کورد خاوەن شکۆ و کەرامەتی خۆیی بێت، بۆ بە دڵنیاییەوە ئەوە دەڵێم تا پەدەکە حکومڕانبێت، دۆزی ڕۆژنامەواناوان لە ئێستا باشترنابێت".
'مێژوو پێمان دەڵێت، سەرکەوتن هەر بۆ گەلە'
داود محەمەد، باسی لە دروشمەکانی پەدەکە کرد و وتی: "حزبێک لە ناوەڕاستی چلەکانی ڕابردوەوە دروستبووە، یەکێک لە دروشمەکانی دیموکراسییە، بەڵام دەبینین بە پێچەوانەی ئەوەوە ڕێگە بە خۆپیشاندانێک نادات، لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا و بە ترساندن وەڵامی ئەو خواستانە دەداتەوە، بۆیە دەڵێین ئەو دروشمانە دروشمی ڕواڵەتین، تەنها ئەوکاتەنە هەیە کە بەرژەوەندی خۆی تێدابێت، بۆیە دەڵێین ئەمە بڕیارە و مێژوو داوێتی، هەر حزب و لایەنێک هەنگاوبنێت بەرەو دیکتاتۆرێت کۆتایەکەی بۆ زبڵدانی مێژووە و گەل و دیموکراسی سەردەکەوێت".
هـ . ب